بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا نزیكەی 700 مێگاوات كارەبا زیادكردووە، بەمەش جگە لەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتوەتە 7000 مێگاوات و خەرجی بەرهەمهێنانی كارەباش كەمكراوەتەوە، لە چەند مانگی داهاتوشدا ژمارەیەک یەكەی وێستگەی دیكە دەکەونە کار.
پێشڕەو نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی كارەبا بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووە، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ 3500 مێگاوات كارەبا زیاد بووە، بەڵام لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما، بەكارهێنانی كارەبا بەڕێژەیەكی زۆر رووی لە هەڵكشان كردووە، ئەمەش دەبێتەهۆی كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا، واتا بەهیچ شێوەیەک بەرهەمهێنانی كارەبا كەمنەبووەتەوە، بەپێچەوانەوە لە داهاتویەكی نزیكدا چەند یەكەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی بازیان و دیرەلۆك و وێستگەكانی 29 مێگاواتی بەگەڕدەخرێن.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی دەستپێكردنی دامەزراندنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی کە لە ماوەیەكی نزیكدا بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت،
رێژەی تەواوبونی وێستگەكانی كارەبا:
1- دامەزراندنی 2 یەكەی دیكە لە وێستگەی غازی بازیان بە ڕێژەی لە 95% تەواو بوە
2- وێستگەی هایدرۆپاوەری دیرەلۆك بە رێژەی لە 90% تەواو بووە
3- وێستگەی 29 مێگاواتی هەولێر بەرێژەی لە 100%دووبارە كەوتەوە كار
4- وێستگەی 29 مێگاواتی سلێمانی بە ڕێژەی لە 100% دووبارە كەوتەوە كار
5- وێستگەی 27 مێگاواتی دهۆک بە رێژەی لە 70% تەواو بووە