وەزارەتی دارایی عێراق نرخی دۆلار لە دەروازە سنوورییەکان جێگیردەکات
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزارەتی دارایی عێراق نرخی دۆلار لە دەروازە سنوورییەکان جێگیردەکات

وەزارەتی دارایی عێراق نرخی دۆلار لە دەروازە سنوورییەکان جێگیردەکات

شوبات 10, 2023 22:56
وەزارەتی دارایی عێراق نرخی دۆلار لە دەروازە سنوورییەکان جێگیردەکات
0

لایک

وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق گشتاندنێکی بۆ شەش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد و بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی ئاسمانی کردووە بۆ ئەوەی نرخی دۆلار وەک ئەوەی لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە جێگیرکراوە کە 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلاری ئەمریکییە؛ بفرۆشرێت.

بەپێی گشتاندنێک کە لەلایەن دەستەی گشتیی گومرکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق لە رۆژی 09-02-2023 دەرچووە و لە لایەن فاتیمە زەید سلێمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەوەکالەتی ئەو دەستەیە واژۆکراوە، داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک کراوە بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بفرۆشن.

نووسراوەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرک لە ناوەڕاست، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی باشوور، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی رۆژئاوا، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی باکوور، بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، بەڕێوەبەرایەتیی گومرکی بارکردنی ئاسمانی کراوە، بەڵام ناوی فڕۆکەخانەکانی نێودەوڵەتیی هەولێر(ئەربیل) و سلێمانی تیادا نییە؛ جگە لەوە ناوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرکی هەرێمی تیادا نییە و تەنیا باسی باکوور دەکرێت.

رۆژی هەینی، 10-02-2023، بانکی رافیدەین کە یەکێکە لە بانکە حکومییەکان لە عێراق رایگەیاند، دەستکراوە بە پێدانی بڕی 7000 دۆلار لە بری 5000 دۆلار بەهەر گەشتیارێک کە دەیەوێت لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدادەوە گەشت بکات. بانکی رافیدەین ئاماژەی بەوەشکردووە: “ئەو پارەیەی دەدرێت 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی دەبێت”.