وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی ماستەر و دکتۆرا دەخاتەڕوو

وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی ماستەر و دکتۆرا دەخاتەڕوو

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
وەزارەتی خوێندنی باڵا پلانی ماستەر و دکتۆرا دەخاتەڕوو
0

لایک

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا، پلانەکانى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا خرانه‌ڕوو، بڕیاریشدرا پێداچوونەوە بکرێت بە پلانى هەریەک لە زانکۆکان و دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێم و ستافى ئەکادیمى هەریەک لە زانکۆکان بۆ کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا.

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، “ئەمڕۆ پێنجشەمە بەسەرپەرشتى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ تاوتوێکردنى پلانەکانى ماستەر و دکتۆرا و دبلۆمى باڵا بەڕێوەچوو.

لەسەرەتاى کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دووپاتیکردەوە، “پلان و کارنامەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئەوەیە باشتر زانکۆکان خۆیان بۆ پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان ئامادە بکەن و هەوڵ بدرێت بە هاوبەشى لەگەڵ زانکۆکان کاروانى پێشکەوتن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى جیهانى باشتر بەدەر بکەوێت”.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا قۆناغەکانى دەستپێکردنى (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) تاوتوێکرا، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا ئامادەبووانى راسپارد بەو پەڕى لێپرسراویەتى کار بکەن بۆ چەسپاندنى بنەماکانى دادپەروەرى و یەکسانى و شەفافەیەت و بێ لایەنى لە پرۆسەکەدا بەشێوەیەک بتوانین دەستەبەرى رەخساندنى زۆرترین و باشترین دەرفەت بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى خۆمان بکەین.

لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا پێداچوونەوە بکرێت بە پلانى هەریەک لە زانکۆکان و دامودەزگاکانى حکومەتى هەرێم و ستافى ئەکادیمى هەریەک لە زانکۆکان بۆ کردنەوەى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا، هەروەک جەختیش کرایەوە پێویستە ئەو پرۆپۆزەڵانەى بۆ خوێندنى باڵا پێشکەش دەکرێت ئەولەویەت بدرێت بە کێشە و گرفتەکانى کە ئەمرۆ لە واقعى کۆمەڵگە و سێکتەرە جیاوازەکاندا هەستى پێدەکرێت.