ئایدز واتە نەمان و لاوازبوونی بەرگری جەستە و بەمەش جەستە بچووكترین میکرۆب(بەکتریا، ڤایرۆس) کاریگەری نەرێنی لەسەر دەکات، چونكە كۆئەندامی بەرگری لاواز دەبێت و لەكاردەكەوێت، بەو هۆیەوە هەڵگری ئەم ڤایرۆسە ماوەیەكی زۆر ڤایرۆسەکە لە لەشیدا دەمێنێتەوە و دواتر بەهۆی ڤایرۆسەکەوە دەمرێت، تاوەکو ئێستا نەتواندراوە چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشیە بدۆزرێتەوە.
ئایدز یەكێكە لە نەخۆشیە ڤایرۆسییە مەترسیدارەكان كە ساڵانە بەهۆیەوە سەدان كەس گیان لەدەست دەدەن، نیشانەكانی ئەم نەخۆشیە لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت.
١ـی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک یادی رۆژی جیهانی ئایدزە. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەمساڵ لە ساڵرۆژی ئەم ڤایرۆسە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ” لە هەرێم لەم ساڵدا زیاتر لە ١٩٤ هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV) كراوە. لەم ژمارەیە تەنها ٢٠ حاڵەتی هەڵگری نەخۆشی ئایدز تۆمار كراوە، كە ١٧ کەسیان بیانین.”
وهزارهتی تهندروستی حكومهتی ههرێم له راگهیهندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، ١ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک یادی رۆژی جیهانی ئایدزە، لەم رۆژەدا لە سەرتاسەری جیهان بە ئامانجی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا لە مەترسی ئەم نەخۆشیە، كاروچالاكی تایبەت بەم نەخۆشییە درێژخایەنە ئەنجام دەدرێت، وەك هەموو ساڵێك لە ڕێگەی دەزگا تەندروستیەكانەوە و بەهاوكاری دەزگاكانی راگەیاندن، چەندین هەڵمەتی هۆشیاری جۆراوجۆر بەم ڤایرۆسە بڵاودەكرێتەوە و ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکات كە خۆیان لە توشبوون بەم ڤایرۆسە بپارێزن.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە، “ئایدز كە بە دواقۆناغی نەخۆشی لاوازبونی درێژخایەنی بەرگری جەستەی لەش ناسراوە بەهۆی ڤایرۆسی (HIV) کە ترسناكترین پەتای ڤایرۆسیە، لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە تائێستا بەبەردەوامی بەهۆی كاریگەریە هەمەلایەنەکانی هەڕەشە لەژیان و مرۆڤایەتی دەكات، ترسناكی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە كە كەسی توشبوو چەندین ساڵ هەڵگری ڤایرۆسەكە دەبێت بێ ئەوەی نیشانەی هەبێت و دەبێتە هۆکارێکیش بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەکە”.
وهزارهتی تهندروستی باسی لهوهشكردووه، لە سەرتاسەری جیهان نزیكەی ٤٠ ملیۆن كەس هەڵگری ڤایرۆسی HIVین، زیاتر لە ٦٠٠ هەزار كەسیش ساڵانە گیان لەدەست دەدەن، بەڵام خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو كەلتورە جیاوازانەی كە هەیەتی و ئەو ڕێكارانەی كە وەزارەتی تەندروستی دەیگرێتەبەر بۆ گەڕان و دۆزینەوەی حاڵەتەكان، ڕێژەی توشبوون و گیان لەدەستدان بەم نەخۆشیە زۆر كەمە بە بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی جیهان.
ئهوهشی خستهڕوو، لە هەرێم لەم ساڵدا زیاتر لە ١٩٤ هەزار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV) كراوە. لەم ژمارەیە تەنها ٢٠ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆمار كراوە، كە ١٧-یان بیانین.
وهزارهتی تهندروستی رونیشیكردهوه، كۆی گشتی لە هەرێم لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا ٣٠٥ حاڵەتی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش تەنها ٥٢ توشبوو لە هەرێم بوون و ٢٥٣ حاڵەتیش بیانی بوون، بۆ ئەم مەبەستەش كاری پێویست ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، “داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست بە تایبەت چینی گەنجان دەكەین كە بەهۆی كرانەوەی سنووری هەرێمی كوردستان بە ڕووی وڵاتانی جیهان، خۆیان بەدوربگرن لە هۆكارەكانی توشبوون بەم نەخۆشیە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی جێبەجێ بكەن، كە بریتییە لە دوركەوتنەوە لە سێكسی ناشەرعی و بەكارنەهێنانی ئەوكەرەستە پیسانەی كە دەبێتە هۆی برینداربوونی پێست چونکە هۆکارێکە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە”.
ڤایرۆسی ئایدز بەچەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەكەم: کەسی توشبوو دوای سێ، یان چوار هەفتە لە توشبوونی بە ڤایرۆسی ئایدز، ئەم نیشانانەی تێدا دەردەكەوێت:
١- تایەكی گەرم.
٢- هەوكردنی قورگ.
٣- ئێشی ماسولكەكان.
٤- گەورە بوونی گرێیەكانی مل.
ئەم نیشانانە بۆ ماوەی هەفتەیەك یا دوو هەفتە دەردەكەون دواتر ون دەبن. ئەم قۆناغە بە هەڵگری ڤایرۆسی (HIV)ناودەبرێت دواتر دەبێتە نەخۆشی ئایدز.
قۆناغی دووەم: ئەم قۆناغە بەوە دەناسرێتەوە كە شەش مانگ، تا چەند ساڵێك درێژە دەخایەنێت و لەش بەرگری كەم دەبێت و بە شێوەیەكی پلەبەندی، كەسەكە بەرەو نەخۆشی ئایدز دەچێت و نیشانەی ڤایرۆسەكە (HIV) لەسەر دەرناكەوێت، ئەم قۆناغەش لەگەڵ قۆناغی یەكەم بەقۆناغی ئامادەسازی بۆ توشبوون بە نە خۆشیەكە ناو دەبرێت.
قۆناغی سێیەم: ئەم قۆناغە بە قۆناغی نەخۆشی ئایدز ناو دەبرێت، لە ساڵێك تا دوو ساڵ دەخایەنێت دواتر كەسی توشبوو، كۆچی دوایی دەكات. ئەم قۆناغەش بەئاشكرا ئەم نیشانانەی تێدا دەردەكەوێت.
١- تایەكی گەرم.
٢- كێشی كەم دەبێتەوە و شەوانە ئارەق دەكات.
٣- ئاوسانی گرێی لیمفاوی.
٤- دەركەوتنی نەخۆشی شێرپەنجە بەتایبەتی شێرپەنجەی پێست و هەوكردنی پێست.
رێگاکانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە:-
ڤایرۆسی HIV ڤایرۆسێکە کە تەنها لە ڕێگەی خوێن و تراوەکانی لەش وەک تراوی زێ و تراوی تۆماوی دەگوازرێتەوە. کەوایە ڕێگەکانی گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە بریتین لە:
– جووتبوونی مەترسیدار: جووتبوونێک کە ڕێکاری تەندروستیی تێدا ڕەچاو نەکرێت یان ئاگاداری ئەوە نەبن کە کەسی بەرانبەر هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە.
– منداڵبوون بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکاری تەندروستی: ئەگەر دایک خاوەنی ئەم ڤایرۆسە بێت و ڕێکاری تەندروستی نەگرێتەبەر ئەگەری هەیە منداڵەکەشی تووشی ئەم ڤایرۆسە بێت.
– وەرگرتنی خوێن: ئەگەر خوێن لە کەسێک وەربگیرێت کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆسە بگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسەی خوێنەکەی وەرگرتووە.
– بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەی دەرزی لێدان: ئەگەر دەرزییەکە بە هاوبەشی بەکاربهێندرێت و یەکێک لەو کەسانەی بەکاریدەهێنێت ڤایرۆسەکە لە لەشیدا بێت ئەگەری هەیە بۆ ئەو کەسەش بگوازرێتەوە کە بە هاوبەشی دەرزیەکەی لەگەڵ بەکار دەهێنێت.
ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگەی دەم و پێستەوە ناگوازرێتەوە، واتە ئەگەر کەسێک توشبووی نەخۆشیی ئایدز بێت و ئێوە لە ئامێزی بگرن یان یەکتریش ماچ بکەن، تووشی ڤایرۆسەکە نابن.
دەرمانی ئایدز
بۆ ئەم نەخۆشییە سوود لە هەندێک دەرمانی دژەڤایرۆس وەردەگیرێت. ئەم نەخۆشییە چاکبوونەوەی هەمیشەیی نییە، بەڵام ڕەنگە کەسێک بە پاراستنی خۆی لە نەخۆشیی سادە و بەکارهێنانی دەرمان تا ساڵانێکی زۆر ژیانی ئاسایی هەبێت. بۆ بەرگریی لە توشبوون بەم نەخۆشییەش تا ئێستا هیچ پێکوتەیەک دروستنەکراوە. هۆکارەکەشی بۆ گۆڕانی بەردەوامی جینۆمی ڤایرۆسەکە دەگەڕێتەوە.
راپۆرت: عەبدولسەلام هیشام