وەزارەتی تەندروستی وەڵامێک و روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی و هاوونیشتمانیان لە پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە وتەی پەرلەمانتارێكی عێراق لە فڕاكسیۆنی یەكێتی بڵاوکردووەتەوە.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، “لەبارەی وتەكانی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەناوی (بڕیار رەشید) كە ئاماژەی بەوەداوە گوایە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگری لە هاتنی دەرمان كردووە لە بەغداوە بۆ پارێزگای سلێمانی، لێرەوە بۆ رای گشتی و هاوونیشتمانیانمان لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنین كە ئەمەی وتراوە هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە و جگە لە مەرامی سیاسی و ورووژاندنی هەستی هاووڵاتییانی سلێمانی خۆشەویست هیچیتر نییە”.
وتیشی، “ناوبراو بێ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی هاتنی دەرمان لە بەغدا و دابەشكردنی بەسەر پارێزگاكان ئەم قسانەی كردووە، لێرەوە بە هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین كە هاتنی دەرمان لە رێگەی دامەزراوەی كیمادیاوە لە بەغدا راستەوخۆ دەگاتە كۆگەی دەرمانی پارێزگاكان و ناگەڕێتەوە كۆگاكانی وەزارەتی تەندروستی تا بەشە دەرمانی پارێزگاكان دیاری بكات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێدانی بوودجەی زیاتری كۆرۆنا كە لە بەغداوە دەگەیشتە هەرێمی كوردستان و دروستكردنی نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی شایەتی ئەو كارانەن كە ئەنجامدراوە لە پارێزگاكە و بەئەركی خۆشمان دەزانین خزمەتی هەموو پارێزگاكان بكەین بێ جیاوازی.