هەردوو وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى و وەزارەتى دارایى و ئابوورى، گرفت و کێشە و داواکارى کارگەکان و چۆنیەتى کارئاسانى بۆیان تاوتوێ دەکەن لەپێناو پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و زیادکردنى بەرهەمى ناوخۆ و رەخساندنى هەلى کار.
ئەمڕۆ دووشەممە (2022/8/15) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و کوێستان محەمەد، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی بەوەکالەت بە ئامادەبوونى بەرپرسانى تایبەتمەندى هەردو وەزارەت کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنى گرفت و ئاستەنگ و داواکارى کارگەکان لەهەرێمی کوردستان لە روی باج و رسومات پێداویستییەکانى دیکەیان و چۆنیەتى کارئاسانى.
لاى خۆیەوە وەزیری دارایی و ئابوری پشگیری تەواوی دەربڕی بۆ هەماهەنگى و کارئاسانیکردن، بڕیاریش درا لەڕێگەی دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بەدواداچونی ورد بکرێت بۆ چارەسەرى گرفت و ئاستەنگى بەردەم کارگەکان.
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و رەخساندنى هەلى کار، هەوڵەکانى خۆى بەگەڕ خستووە و لەماوەى رابردوودا کۆبوونەوەى بەرفراوانى لەگەڵ ژورەکانى پیشەسازى و خاوەن کارگەکان ئەنجامداوە بۆ زانینى ئاستەنگ و وەرگرتنى داوا و پێشنیازەکانیان، بە ئامانجى هەڵگرتنى ئاستەنگەکان.