وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، سیستەمى ئەلیکترۆنى یەکسانکردنى بڕوانامەکان پەیرەو دەکات و دەتوانن بەشێوەی ئۆنلاین دیکۆمێنتەکان پێشکەش بکەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، “بەهۆى گەشەکردنى سێکتەرى خوێندنى باڵا و کرانەوەى هەرێمى کوردستان بەڕووى وڵاتانى جیهان، ساڵانە ژمارەیەکى زۆرى هاووڵاتیان روو لە زانکۆ پێشکەتووەکانى دنیا دەکەن بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى باڵا، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکى زۆرى بیانى خاوەن بڕوانامەى باڵا روو لە هەرێمى کوردستان دەکەن و لە بوارە جیاوازەکان کاردەکەن.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ساڵى 2017ـوە سیستمى ئەلیکترۆنى یەکسانکردنى بڕوانامەکان کارپێدەکات، بەهۆى ئەو سیستەمە هاووڵاتیان بەبێ ئەوەى پێویست بکات بێنە وەزارەت، لە هەر جێگایەک بن لە ماڵەکەى خۆیان و لە رێگەى کۆمپیوتەرەکەیان یان مۆبایلە زیرەکەکانیان دەتوانن بەشێوازى (ئۆنلاین) پێشکەش بکەن و مامەڵەى یەکسانکردنیان بۆ پڕۆسێس بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەندامانى لێژنەى یەکسانکردنى بڕوانەمەکانیش لە هەرجێگایەک بن لە رێگەى کۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەکەکانیان دەتوانن پڕۆسەى یەکسانکردنى بڕوانامەکان بەڕێبکەن”.