وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەبوە و پرۆسەکەش ئێستا لە هەمو هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هەرکاتێکیش بەغدا نەوتی سپی نارد، “بەو بڕ و نرخەی کە دەینێرێت بەسەر هاوڵاتیان دابەشی دەکەین”.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئەمڕۆ یەکشەممە لە زاخۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی ئەنجامدا و باسی لەوەشکرد، “دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەبوە، ئێمە لە 20ی ئەم مانگەوە دەستمان بە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کردوە و تا ئێستا 1500 خێزان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە وەرگرتنی نەوتی سپی سودمەند بوون”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تریلیۆنێک و 261 ملیار دینار قەرز لای هاوبەشانی کارەبایە، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبا لای هاوبەشانی کارەبا، هەر بەرێوەبەرایەتییەکی گشتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سیاسەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئەمڕۆش بڕیاری کردنەوەی بەرێوبەرایەتیی گشتیی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆمان خستە بواری جێبەجێکردن”.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت وتیشی ئەوەشی خستوەتەڕوو، “حکومەتی عێراق بەڵێنی دابو لە 15ی مانگی رابردوەوە بڕە نەوتێکی سپی بۆ هەرێم بنێرێت، مانگێک زیاتر تێپەڕیوە و تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێکیان نەناردوە، هەرکاتێک بەغداد نەوتی سپی نارد، بەو بڕ و نرخەی کە دەینێرێت بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکەین”.
پەیوەست بە وێستگەی نوێی کارەباش کەمال محەمەد ساڵح ئاماژە بەوە دەکات، لەمانگی داهاتودا وێستگەیەکی نوێی کارەبا لە سلێمانی بە توانای 500 مێگاوات کارەبا بەگەڕ دەخەن.