سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رەتیکردەوە دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستی لە رووداوی هاتووچۆدا برینداربووبێت و راشیدەگەیێنێت، هاوژین و منداڵەکانی بریندار بوون.
رۆژی پێنجشەممە 19-05-2022، د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی دەنگۆی برینداربوونی دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستی لە رووداوێکی هاتووچۆدا بە میدیا خۆجێیەکانی راگەیاندووە، “دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا نەبووە و ئەوەی برینداربووە هاوژین و منداڵەکانی ئەون؛ ئەوانیش ئێستا لە نەخۆشخانەن لە هەولێر و چارەسەر وەردەگرن و باری تەندروستییان باشە”.
رووداوەکە شەوی رابردوو کاتژمێر 08:00ـی ئێوارە بەجۆرێک روویداوە کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تۆیۆتا کامری کە لە کۆیەوە هاتووە بەرەو هەولێر(ئەربیل)، بەهۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست دەرچووە و چووەتە سایدی بەرامبەر و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی لاندکرۆزەردا کە هی دکتۆر رەهێل فەرەیدوون، بریکاری وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم بووە، بەڵام خۆی تیایدا نەبووە، تەنیا شۆفێر و هاوژین و منداڵەکەی لەناو ئۆتۆمبێلەکە بوون.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا کەسێک(ئافرەتێک)ـی تەمەن 50 ساڵ کە دایکی سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکە بووە گیانی لەدەستداوە و پێنج کەسیش بریندار بوون.
دوو لە بریندارەکان کە هاوژین و منداڵێکی دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون بوون، براونەتە نەخۆشخانەی پار لە هەولێر و هاوژینەکەی دکتۆر رەهێڵ رەنگە پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، بەڵام تەندروستیان جێگیرە، هەروەها سێ برینداری دیکەی نێو ئۆتۆمبێلە تۆیۆتا کامرییەکە لە نەخۆشخانەی کۆیەن، بەڵام یەکێکیان بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار کراوە لە سلێمانی و نەشتەرگەری بۆ دەکرێت.