ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێمە داوامان لە هاوپەیمانە ئەوڕووپییەکانمان نەکردووە، دەرگا بەڕووی نەوت و گازی رووسیادا دابخەن، بەڵام رووسیا بەرپرسی سەرەکی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییە.
جێنیفێر پساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئێمە داوامان لە هاوپەیمانە ئەوڕووپییەکانمان نەکردووە هەمان رێوشوێنی ئێمە بگرنەبەر، ئەوان سەرچاوەی وزەی دیکەیان هەیە و هەمان ئەو سەرچاوانە نین کە ئێمە خاوەنین”.
پساکی وتیشی، “هەر بۆیە ئەمریکا پارەی زیاتر دەداتە وێستگەکانی سووتەمەنی و هۆکارە سەرەکی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی بەمشێوەیەی ئێستا “ڤلادیمیر پوتین” سەرۆکی رووسیایە، نەوەک سزاکانی ئەمریکا”.