وتەبێژی هێزی پاسەوانیی سنووری یەک لە هەرێم رایگەیاند، بڕیارە لەم مانگە دەست بە دامەزراندنی سێ هەزار پاسەوان بکرێت بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان.
کاروان خۆشناو، وتەبێژی هێزی پاسەوانیی سنووری یەک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە: لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بڕیار دراوە کە سێ هەزار پاسەوان بۆ سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنرێن.
راشیگەیاند: بۆ ئەو مەبەستەش لینکێک ئامادە کراوە بۆ ئەوەی خەڵک لە رێگەی ئەو لینکەوە فۆڕم پڕ بکەنەوە بۆ دامەزراندن وەکو پاسەوانی سنوور.
وتەبێژی هێزی پاسەوانیی سنووری یەک ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیارە لەم مانگە وەزارەتی ناوخۆ لینکەکە کارا بکات و خەڵک ئەوکات دەتوانن لەو رێگەیەوە داواکاری بۆ دامەزراندن پێشکەش بکەن کە بەپێی کۆمەڵێک رێنمایی دەبێت و لە کاتی کارابوونی لینکەکە رێنماییەکان دیار دەبن.