هەڵبژاردنی پەرلەمان کەی بەڕێوە دەچێت؟

هەڵبژاردنی پەرلەمان کەی بەڕێوە دەچێت؟

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
هەڵبژاردنی پەرلەمان کەی بەڕێوە دەچێت؟
0

لایک

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ فەرمانی ئەنجامدرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی عێراق لە 1ـی 10ـی 2022، کوالیسەکانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن جووڵەی تێکەوت و تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەنجامدرانی هەڵبژاردن لەو بەروارە، نەبوونی جووڵەی سیاسی و رێکنەکەوتن تەنها هۆکار نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە نەکرێت، بەڵکو کۆمیسیۆن پێشتر رایگەیاندبوو کە هەر ئامادەکارییەک بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بکرێت، پێویستی بە شەش مانگی رەبەق هەیە .

بابەتەکە پەیوەندیی بە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە هەیە، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری هەردوولا تۆپەکە دەخەنە گۆڕەپانی ئەوی دیکە . بەڵام جەوهەری بابەتەکە ئەوەیە کە ئەنجامدرانی هەڵبژاردن پێویستی بە زنجیرە پرۆسەیەک هەیە .

کۆمیسیۆن لە 23ـی 12ـی ساڵی 2019ـەوە بەسەرچووە و ماوەی یاسایی ئەنجومەنی کۆمیسیاران تەواوبووە . لەبارەی تێگەیشتنی بابەتەکە مایکی تەبا ـمان بۆ شێرواز زرار، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی درێژکرد و ناوبراو وتی، ” بەداخەوە تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان رێکنەکەوتوون لەسەر دوو پرس : یەکەمیان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنە کە ئایا ئەو ئەنجومەنەی لە ئێستا هەیە کارا دەکرێتەوە و دەسەڵاتی پێدەدرێت بۆ چەند ساڵێکی دیکە، یاخود ئەنجومەنێکی تازە دێت . دووەم پرسیش هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنە کە هاوکات تێکەڵ کراوە لەگەڵ ئەو بابەتە کە بە بۆچوونی من هەردووکیان دوو بابەتی جیاوازن . ئەو دوو بابەتە تاوەکو ئێستا رێگرن “.

لەبارەی کاردانەوەی دانیشتنی فراکسیۆنەکان و لایەنە سیاسییەکان لەسەر کۆمیسیۆن، شێروان زرار وتی، ” تاوەکو ئێستا چەندین دانیشتن کراوە و لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتن . لە دوا کۆبوونەوەکانیشیاندا بەپێی زانیارییەکانی ئێمە جارێکی دیکە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆببنەوە و بریار بدرێت لەسەر دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن چونکە ئەمەیان خاڵێکی گرنگە بۆ ئێمە . هەروەها بڕیار بدرێت لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە خاڵی یەکەمدا . تا کۆمیسیۆن ئەکتیڤ نەبێ، ئامادەکاری ناکرێت . بەپێی پەیڕەوی خۆمان ئێمە شەش مانگمان پێویستە بۆ ئامادەکاریی هەڵبژاردن “.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئاماژەی بە هەنگاوێکی گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکان دا و وتی، ” بۆ یەکەم جارە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشی هەڵبژاردنیان خۆیان داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەکەن کە ئەوان هاوکارن و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە راسپێردراون بۆ هاوکاری ئێمە . پێشتر بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لە نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، دەبوایە هەر هاوکارییەک بکرێت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، پێویست بوو بەرێگەی کۆمیسیۆنی عێراقەوە پێشکەشی ئێمە بکرێت “.

لە پەرلەمانی کوردستانی عێراقدا ١١١ کورسی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانە، دەربارەی پرسی کۆمیسیۆن و هۆکاری کارانەبوونیی قسەمان لەگەڵ زانا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق کرد .

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە چەند بژاردەیەک لە ئارادا هەیە و وتی، ” لە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکاندا باسمان لە شێوازی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن کردووە و چەند بژاردەیەکمان لەبەردەست بووە . ئێمە وەکو پارتی دژی هیچکام لە بژاردەکان نەبووین . چ بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت کە بەشی لایەنە سیاسییەکان دابەش دەکرێت . وە چ بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بێت، چ دابەشکاری حیزبی تێدا نەبێت و کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ لە کۆمەڵێک دادوەر پێکبێت “.


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە زەقی ئاماژەی بە هۆکاری کارانەبوونی کۆمیسیۆن دا و وتیشی، ” بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوایان کرد کە وەکو خۆی کارابکرێتەوە . ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان رازیبووین کە وەکو خۆی کارا بکرێتەوە . بەڵام پێیان وابوو کە کۆمیسیۆن وابەستەیە بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا، دەبێت بەیەک پاکێج پێشکەش بکرێت و کاری لەسەر بکرێت . ئەمەش هەر خۆی پێچەوانەیە چونکە کۆمیسیۆن خۆی بۆشاییەکی یاسایی هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت و ئینجا بچینە سەر بابەتی یاسای هەڵبژاردن . ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە کۆمیسیۆنەکە تاوەکو ئێستا ماوەتەوە و کارانەکراوەتەوە “.

زانا خالید : لایەنە سیاسییەکان تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجامی کۆتایی

لەبارەی ئەنجامی دانیشتنەکان و کۆبوونەوەکان، زانا خالید وتی، ” دانیشتنی دووقۆڵی هەیە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت . بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سکرتاریەتێک پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی بەردەوام لەنێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان . نوێنەری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەوێدان و هەموو کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەیە لەیەک نزیکبوونەوەی باش هەیە لە شێوازی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان . بەتایبەتی لەسەر پرسی شەفافیەتی هەڵبژاردنەکان، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گرفتمان لەو بارەیەوە نەبووە، گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت “.

لەبارەی خاڵە ناکۆکەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی، ” ئەوانەی کە هێشتا خاڵی ناکۆکن لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەکانی سکرتاریەت بەردەوامییان هەیە بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە ئەنجامی کۆتایی “.

فراکسیۆنی یەکێتی دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە و زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەوە دەڵێت، ” بەپێی ئەو رێککەوتننامەی کە پێشتر لەنێوان ئەو هێزانەی کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ـیان پێکهێناوە، دیارە بە کۆمەڵێک رێککەوتنی سیاسی دیاری کراوە . دوو رێککەوتن کراوە کە یەکێکیان رێککەوتنی ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەوی دیکەشیان رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانە و لە هەردوو رێککەوتندا خاڵێک هەیە ئەویش بابەتی یاسای هەڵبژاردنە “.

زیاد جەبار : یاسای هەڵبژاردن ماوەی ٣٠ ساڵە دەرچووە و کۆمەڵێک کەموکوڕی تێدایە

زیاد جەبار لە بەردەوامی قسەکانیدا دەشڵێت، ” ئەو یاسایەی کەلە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت لە ساڵ ١٩٩٢ دەرکراوە، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە سازانێکی نیشتمانی لەنێوان هێزە سیاسییەکان دروست بکەین و بتوانین ئەم یاسایە هەموار بکەینەوە چونکە ماوەی ٣٠ ساڵە دەرچووە و کۆمەڵێک کەموکوڕی تێدایە بۆیە بۆ ئەو قۆناغەی هەڵبژاردن پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە . بابەتی کۆمیسیۆن بابەتێکی گرنگە، لە ئێستادا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی ماوەکەی بەسەرچووە، بۆیە پێویستە یان کۆمیسیۆنێکی نوێ جێی بگرێتەوە یاخود ئەم کۆمیسیۆنە جارێکی دیکە متمانەی پێ ببەخشرێتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات “.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی بۆچوونی یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رایگەیاند، ” کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن هەردووکیان بریتین لەو یاسایانەی کە رەهەندی نیشتمانییان هەیە . پێویستی بەوەیە کە سازانی لەسەر بکرێت لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانەوە . بۆیە بەبۆچوونی ئێمە لە رابردووش و سەجەم کۆبوونەوەکاندا باسی ئەوەمان کردووە کە هەردوو بابەتەکە یەک پاکێج بێت و کاریان لەسەربکرێت . قەناعەتمان بەوە هەیە کە دەبێت سازانێکی نیشتمانی بکرێت “.

زیاد جەبار باسی لە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرد و لەبارەی رێککەوتنیانەوە رایگەیاند، ” کۆبوونەوەکان بەردەوامە، ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە کە لەگەڵ بەشێک لە هێزە سیاسییەکان ئێمە لەسەری سازاین ئەم یاسایە هەمواربکرێتەوە . بەشێکیش تاوەکو ئێستا نەهاتوونەتەپێش بۆیە چاوەڕێ دەکەین بۆ داهاتوو ئەم هێزانە بەیەکەوە هەموومان لەسەر پرۆژەیەکی باش کۆک ببین کە ئەم پرۆژەیە پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەین و کاری لەسەر بکرێت . پێشتر یاداشتێکمان داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان کە ئەو یاسایانە رەهەندی نیشتمانییان هەیە پێویستیان بەوەیە کە لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان هێزە سیاسییەکان لەسەری بسازێن و ئەوکات بە پرۆژەیەکی هاوبەشەوە بچینە نێو هۆڵی پەرلەمان و دەنگدانی لەسەر بکرێت “.

بۆچوونێکی نزیکتر لە یەکێتی هەیە کە ئەویش بۆچوونەکەی بزوتنەوەی گۆڕانە، لەوبارەیەوە گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان رایگەیاند، ” بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن یەک پاکێجە و دەبێت هێزە سیاسییەکان لەسەری رێککەون چونکە پرسێکی نیشتمانییە . چ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن چ بابەتی یاسای هەڵبژاردن پرسی نیشتمانین و پێویستیان بە هەماهەنگی و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەیە “.

گوڵستان سەعید : بۆچوونی ئێمە وایە کە پێکهاتەی کۆمیسیۆنی ئێستا بەو شێوازەی ئێستا بمێنێتەوە

لەبارەی بۆچوونی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و ویستەکانی، گوڵستان سەعید وتی، ” بۆچوونی ئێمە وایە کە پێکهاتەی کۆمیسیۆنی ئێستا بەو شێوازەی ئێستا بمێنێتەوە . هەر لایەنێکی سیاسی بیەوێت ئەندامانی خۆی لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بیگۆڕێت بە یەکێکی دیکە، ئەو مافە بدرێت بە پارتە سیاسییەکان بۆ ئەوەی کۆمیسیاری خۆی بگۆڕێت . وەکو گۆڕان پێمان وایە ماوەی کۆمیسیۆنەکە بە شێوازێکی لێبکرێ کە مافی یاسایی بدرێت بە کۆمیسیۆنەکە بۆ ئەوەی بتوانن بۆ هەڵبژاردنێکی دیکەش ئەمانە کارەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرن . دوای ئەوەش لەسەر دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەی داهاتوو ئەتوانرێت جارێکی دیکە کۆمیسیۆنەکە رێکبخرێتەوە بە شێوازێک کە مافی هەموو لایەنە سیاسییەکان تێدا پارێزراو بێت “.

لەبارەی پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان و ئەنجامی کۆبوونەوەکان، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان وتی، ” سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموو ژوورە پەیوەندیدارەکانی هەڵبژاردنی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی بانگهێشتکردووە و کۆبوونەوەیان کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە و لە ئێستادا هیچ رێککەوتنێک نییە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، دیارە بابەتەکە پێویستی بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەر هەمواری یاساکە و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بگەنە ئەنجام “.