لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، موسڵمانانی سەرانسەری جیهان زیاتر لە چاو مانگەکانی دیکە روو دەکەنە جێبەجێ کردنی کاری چاکە و خێر و زۆربەی کاتەکەیان بە عیبادەت و دوعا و نزا و پاڕانەوە و هەروەتر کاتەکانیان بۆ بەسەربردن لەگەڵ خێزانەکانیان تەرخان دەکەن . جگە لەو داب و نەریتە باوانە، هەر کۆمەڵگەیەکی موسڵمان بەش بە حاڵی خۆی داب و نەریتێکی جیاوازیشی تایبەت بە مانگی رەمەزان هەیە.
شایەنی باسە مانگی رەمەزان لە هەرێم بە گشتی و هەولێر ( ئەربیل ) بە تایبەتی لە کەشێکی زۆر جیاوازدا بەڕێوەدەچێت و ساڵانە خەڵک بە گەرم و گووڕی پێشوازی لێ دەکەن . هەندێک نەریتی کۆن هەن تا ئێستا بەردەوامن و لەناو نەچوون، یەکێکیش لەو نەریتە کۆنانەی کە تائێستا بەردەوامە، نەریتی دەهۆڵی پارشێوە، کە تایبەتە بە ئاگا هاتنی خەڵک بۆ خواردنی پارشێو، هەر چەندە ئەم نەریتە مایەی دڵخۆشی بەشێک لە خەڵکن لە هەمان کاتدا بووەتە مایەی بێزاری خەڵکانێکی تر.
جیاواز لە ساڵانی پێشوو شەوانە تا پارشێو بەشێک لە خەڵک ناخەون و بازاڕەکان جمەی دێت لە خەڵک، جگە لەمە ئامێری ئاگاداركردنەوە چ مۆبایل یان كاتژمێر لەهەموو ماڵێكدا هەیە، بەهۆیەوە زۆر پێویستی بەو نەریتە کۆنە نەماوە، بەڵام خەڵکێکی زۆر دەخوازن نەریتی لێدانی دەهۆڵ لە رەمەزاندا پارێزگاری لێبکرێت و ساڵانە بەردەوامبێت.
پێشتر دەهۆڵ لێدەرەکان بە پیادە بە نێو کوچە و کۆڵانەکان دەسووڕانەوە، بەڵام ئێستا کاریان ئاسانە و ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنن، زۆرن ئەوانەی لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە بۆ بینینی دەهۆڵ لێدەرەکە، هەمووان دەیانەوێت چێژ وەربگرن بە تایبەتی منداڵان.
نهریتی دههۆڵ لێدان له کاتی پارشێوان مێژوویهکی کۆنی ههیه و ئهوهش له کاتی خۆیدا بهو مهبهسته بووه که خهڵک لهوه ئاگادار بکرێنهوه که کاتی پارشێوه و پێویسته لهخهو ههستن و نانی پارشێو بخۆن.
تا پێنج ساڵ لەمەوبەر لە گەڕەکەکانی هەولێر بە بەربڵاوی خەڵکێک لە کاتی پارشێواندا بە لێدانی دەهۆڵ بە کووچە و کۆلانەکاندا دەسووڕانەوە و خەڵکیان لەخەو هەڵدەستان، بەڵام لە ئێستدا کاڵبوونەوەیەک بەم نەریتە بەدیدەکرێت و کەچی تا ئێستاش لە بەشێک لەگەڕەکەکانی شاری هەولێر ئەم نەریتە بەردەوامە.
دەهۆڵچییەکان ١٠ رۆژ پێش جەژن لە دەرگای ماڵان دەدەن و داوای پارەی دەهۆڵ لێدان و جەژنانەیان لێ دەکەن، خەڵکێک ئەمەی بە ئاسایی وەرگرتووە و پارەشیان پێ دەدات بەڵام خەڵکێکی تر دەڵێن ناکرێ لە بڕی ئیزعاج کردنمان بەم دەنگە پارەش بدەین.
بۆ ئەم مەبەستە لێدوانێکمان لەگەڵ یەکێک لە دەهۆڵ لێدەرەکانی هەولێر بە ناوی ئیسماعیل عەبدولڕەحمان وەرگرت و ئاماژەی بەپیشەی دەهۆڵ لێدان لەمانگی رەمەزاندا کرد و وتی، “ئەم كارە لەباوكمەوە بۆم بەجێماوە، تا ئێستاش لەسەر هەمان رێچكەی ئەو لە مانگی رەمەزاناندا بەردەوامیم بە پیشەکە داوە، سەرەتا كەدەستم بەم كارە كرد لەگەل باوکم دەهاتم تەنها سەیرم دەکرد و هەموو شەوانی رەمەزان خەڵکمان بۆ پارشێو بە ئاگا دەهێنا، دەواتر وردە وردە خۆم دەستم بە دەهۆڵ لێدان کرد، شەوانە لەنێو شەقامەكان دەگەڕام بۆئەوەی خەڵک بەخەبەربكەمەوە یان لەدەرگای ماڵانم دەدا، بەڵام ئێستا بەراستی خەڵک هەمووی بەخەبەرە، تەنها وەک نەریت و پیشەیەکی کۆن بەردەوامی بەم کارە دەدەین، چونکە نامەوێت نەریتی دەهۆل لێدان لەناو بچێت”.
هاوکات لە پێشووتردا دەهۆڵ لێدەر بە پێ کۆڵان بە کۆڵان دەگەڕا و خەڵکی با ئاگا دەهێنا بەڵام ئێستا وەک ئەوەی بەدی دەکرێت کە بە ماتۆڕسکیل یاخود بە ئۆتۆمبێل لە گەرەکەکان دەهۆڵ لێدەدرێت، لەوبارەیەوە ئیسماعیل عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەکرد، “پێشتر لەگەڵ باوکم بە پێ هاتووچۆمان دەکرد خەڵکمان بە دەهۆڵ بە ئاگا دەهێنا، بەڵام لە ئێستادا بە ئۆتۆمبێل بە گەڕەکەکاندا دەگەڕێین و من ئۆتۆمبێلێکە لێدەخوڕم کوڕەکەشم لە دوواوە دەهۆڵ لێدەدات . منداڵی گەڕەکیش لە دووامان رادەکات و خۆشی دەردەبڕن”.
ئیسماعیل عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا لە بەرامبەر دەهۆڵ لێدان لە پارشێوێ مانگی رەمەزان، لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژن پارە لە هاووڵاتیان وەردەگرێت و ئەوەشی خستەڕوو، “منداڵبووم كاتێک باوكم دەهۆڵکووت بوو، پارەیەكی باشی دەستدەكەوت چونكە ئەو كات لەهەموو شایی وهەڵەپەڕكێیەكدا دەهۆڵیان دەویست، بەپێچەوانەوە ئێستا كە بژێویمان خراپە و كەس نامانبات بۆكار، تەنیا رەمەزانان كارمان هەیە، ئەویش زۆربەی ماڵەكان پارەمان نادەنێ بەداخەوە، بۆیە تەنها لەبەر ئەوەی پیشەکە لە باوکمەوە بۆم ماوەتەوە بەردەوامی بەم کارە دەدەم، دەنا هیچ قازنجێکی ئەوتۆی تێدا نییە ئەم کارە”.