هه‌ریه‌ک له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر و عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه پێشوازیان له په‌یامه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆکوه‌زیرانی عێراق كرد.
ئه‌مڕۆ لایه‌نگرانی هاوپه‌یمانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له شاری به‌غداد خۆپیشاندانیان كرد و پشتیوانی خۆیان بۆ هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان ده‌ربڕی و داوایان كرد، سزای ئه‌وانه بدرێت سه‌روه‌ری دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانیان پێشێلكردووه، لەمبارەیەوە مسته‌فا كازمی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.
كازمی له په‌یامه‌كه‌یدا سێ داواكاری خستەڕوو، كه بریتی بوون له:
یەکەم- داوایكرد خۆپیشانده‌ران هاوكاری هێزه ئه‌منییه‌كان بكه‌ن و رێز له دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بگرن و چۆڵیان بكه‌ن و پابه‌ندی سیستمی گشتیی بن.
دووەم- داوای له هێزه ئه‌منییه‌كان كرد، پارێزگاری له دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كان بكه‌ن و هه‌موو رێگه‌یه‌كی یاسایی به‌كاربهێنن بۆ پاراستنیان له ده‌ستدرێژی.
سێیەم- بانگه‌وازی لایه‌نه‌كانی كرد کە لێژنه‌یه‌ل له نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان پێكبهێنرێت بۆ دانانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.