وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، سەرجەم خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت و تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەوە گەشت بکەن، بەڕێژەی جیاجیا داشکاندن لەنرخی بلیتی هاتن و رۆیشتن بۆ دەکرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کۆمپانیای گشتی بۆ هێڵی ئاسمانی عێراقی پابەند دەبێت بەبڕیاری داشکاندن بۆ خانەنشینان بەڕێژەی 25% لە نرخی بلیتی هاتن و رۆیشتن تەنها بۆ یەکجار لەماوەی ساڵێکدا ئەمەش لە چوارچێوەی پاکێجێکی رێوشوێنی رێکخراوەییە کە لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە.
ئەوەش هاتووە، ” هێڵی ئاسمانی عێراقی کاردەکات بۆئەوەی بڕیاری داشکاندنی نرخی بلیتەکان ژمارەیەک چین و توێژی دیکەش بگرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا هەموو تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە بەڕێژەی 90% داشکاندنیان بۆ دەکرێت، هەروەها خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانیش بەڕێژەی 50% داشکاندنیان بۆ دەکرێت ئەگەر هێڵی ئاسمانی عێراقی بەکاربهێنن”.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، “هێڵی ئاسمانی عێراقی بێ بەرامبەر کاردەکات بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو هاووڵاتیە عێراقیانەی کە لەدەرەوەی وڵات گیانیان لەدەستداوە”.