شەوی رابردوو گرووپێکی چەکدارانی داعش لەسنووری قەزای داقوق لە باشووری کەرکوک هێرشیانکردەسەر بازگەیەکی سوپای عێراق، بەوهۆیەش سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکوک رایگەیاند، هێرشەکەی شەوی رابردووی داعش بازگەیەکی فەوجی سێ لە لیوای 45ـی سوپای عێراق بەئامانج گرتووە کە لە گوندی ( البو محمد) بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکە جێگیرکرابوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا و سەربازێکی دیکەش برینداربوو.
ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردووە بەتایبەت لە سنووری ناوچە کێشەلەسەرەکان، ئەمەش بەهۆی نەبوونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بوونی بۆشایی ئەمنی، جگە لەوەش دانیشتووانی ئەو ناوچانە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.