چوارچێوەی هەماهەنگی وادەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران رادەگەیەنێت و پەرلەمانتارێكی شیعەش رایدەگەیەنێت، هیچ كام لە كەسی یەكەمی لایەنەكان نابێتە سەرۆكوەزیران.
ئەحمەد موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، كە یەكێكە لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە پەیامێكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردووەتەوە، ئاشكرایكردووە لە چەند رۆژی داهاتوودا ناوی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران ئاشكرا دەكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندووە، كاندیدەكەمان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، بەپێی ئەو مەرجانە دیاریكردووە كە پێشتر لەسەری رێككەوتووین، ئەویش دەبێ كەسێكی دەستپاک و خاوەن تواناو ئەزموونێكی بەرزی سیاسی بێت.
ئەحمەد موسەوی ئاشكراشیكردووە، كانیدەكەیان كەسانی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی ناو چوارچێوی هەماهەنگی نییە، بەڵكو لە هێڵی دووەمی بەرپرسەكانە.
ئەم لێدوانەی پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح لەكاتێكدایە كەسی یەكەمی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بۆ رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق، تائێستاش بەشێوەیەكی نافەرمی ناوی چەندین كەس دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.