مستەفا پارڵاقیڵدز، هونەرمەندی لاوی تورکمان دوای تێپەڕبوون لە قۆناغی تاقیکردنەوەکان، گەیشتە قۆناغی سەر ستەیج لە بەرنامەی بەناوبانگی عێراق ئایدڵ (Iraq Idol).
ئەو هونەرمەندە لاوەی تورکمان کە دەرچووی (بیت المقام کرکوک)ـە ماڵی مەقامەکانی کەرکوکە و شارەزایە لە مەقامە عێراقییەکان، بەشداری لە قۆناغی تاقیکردنەوەی بەرنامەی (Iraq Idol) کرد کە بەشێکە لە بەرنامەی (Arab Idol)ی بەناوبانگ.
مستەفا پارڵاقیڵدز بە تەبای راگەیاند “لە بەغدادی پایتەخت بەشداری قۆناغی تاقیکردنەوەی بەرنامەکەم کرد و ژمارەی بەشداری کردنم (١٠٠١٣) بوو. سوپاس بۆ خودا توانیم بە وتنی مەقام و گۆرانییەکی عەرەبی لە نێوان هەزاران بەشداربوو سەرکەوتن بەدەست بهێنم و بگەمە قۆناغی سەر ستەیجی ئەو بەرنامەیە کە ١٢ بەشداربوو گەیشتوونەتە ئەو قۆناغە”.
بڕیار وایە لە ٢٦ی کانوونی یەکەم، یەکەم بەرنامەی خۆشەویستی عێراق لە کەناڵی MBC Iraq پەخش بکرێت و هەموو هەفتەیەک هەر ١٢ بەشداربوو لەسەر ستەیجەکە گۆرانی خۆیان پێشکەش بکەن.
شایەنی باسە بەرنامەی عێراق ئایدڵ (Iraq Idol) هەمان بەرنامەیە لەگەڵ خۆشەویستی عەرەب (Arab Idol) بەڵام تایبەت کراوە بە هونەری عێراقی. لەم بەرنامەیەدا ١٢ بەشداربوو کە دەگەنە قۆناغی ستەیج هەموو هەفتەیەک ئەدای خۆیان پێشکەش دەکەن و دەنگدانەکە دەکەوێتە سەر بینەران. هەر بەشداربووێک کەمترین دەنگ بەدەست بهێنێت، ناتوانێت بچێتە قۆناغی داهاتوو.