سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای عێراق 18 راسپارده‌ی بۆ ئه‌فسه‌رانی سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منیه‌كان ده‌ركرد و رایگه‌یاند، له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا پێویسته ئه‌فسه‌ران كێشیان كه‌مبكه‌نه‌وه و ده‌ست به‌وه‌رزش كردن بكه‌ن، ئه‌گه‌رنا خانه‌نشین ده‌كرێن.
به‌گوێره‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای عێراق كه واژۆی فه‌ریق روكن فه‌رمانده‌ی هێزه وشكانیه‌كانی له‌سه‌ره و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و فیرقه و یه‌كه سه‌ربازیه‌كان و ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منیه‌كان كراوه، تێیدا 18 راسپارده‌ی ده‌ركردوه و تێیدا هاتوه، رۆژی 30ی تشرینی دوه‌می 2022 دوا كاته بۆ سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌ران به‌پله‌ی ملازم و نه‌قیب بۆئه‌وه‌ی وه‌رزش بكه‌ن و كێشی خۆیان كه‌مبكه‌نه‌وه ئه‌گه‌رنا ره‌وانه‌ی خانه‌نشینی ده‌كرێن، هه‌روه‌ها پشكنین بۆ سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌ران بكرێت كه نه‌خۆشی دڵیان نه‌بێت، یاخود هه‌ر نه‌خۆشیه‌كی دیكه كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی ته‌ندروستیان دروستبكات.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی راسپارده‌كاندا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌ران ساڵانه كێشیان وه‌ربگیرێت و به‌پێی ئه‌و خشته‌یه‌ی دیاریكراوه هه‌ر ئه‌فسه‌رێک کێشی زۆر بێت و قه‌ڵه‌و بێت ره‌وانه‌ی خانه‌نشینی بكرێت، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌فسه‌ران به‌پله‌ی رائید و مقه‌ده‌م تاوه‌كو رۆژی 3ی كانونی یه‌كه‌م و بۆ ئه‌فسه‌ران به‌پله‌ی عه‌قید تا 30ی كانونی یه‌كه‌م دوا مۆڵه‌ته بۆئه‌وه‌ی كێشیان دابه‌زێنن و جه‌سته‌یان رێكبكه‌نه‌وه.
باسی له‌وه‌شكردووه، مانگانه به‌پێی خشته‌یه‌ک كێشی سه‌رجه‌م ئه‌فسه‌ران ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری پزیشكی سه‌ربازی ده‌كرێن، له‌سه‌ر لیژنه‌كانیشه به‌رده‌وام به‌دواداچوون بۆئه‌و بابه‌تانه بكه‌ن.