هاوپەیمانێتییەکی نوێی سیاسی لە عێراق راگەیەندرا

هاوپەیمانێتییەکی نوێی سیاسی لە عێراق راگەیەندرا

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
هاوپەیمانێتییەکی نوێی سیاسی لە عێراق راگەیەندرا
0

لایک

پێنج په‌رله‌مانتاری سه‌ر‌بەخۆی عێراق، هاوپه‌یمانێتییه‌كی نوێیان بەناوی “هاوپەیمانێتی نیشتمان” راگه‌یاند.

له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، نازم شبلی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ وتی، “ئامانجمان چاودێریكردنی زیاتری ئه‌دای حكومه‌ته‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و داكۆكیكردن له‌ ماف و ئازادییه‌كان”.

شبلی راشیگەیاند، كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای هێزه‌ئه‌منییه‌كان دەکەن، بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات.

وته‌بێژی هاوپەیمانێتی نیشتمان ئەوەشی ئاشکراکرد، “ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ نوێیه‌ گرنگی به‌ چڕكردنه‌وه‌ی رۆڵی چاودێری له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌دات، له‌پێناو به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌دای حكومه‌ت له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و پشتیوانیكردن له‌ دۆسیه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان و به‌ره‌وپێشبردنی كه‌رته‌ گرنگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، وه‌کو (په‌روه‌رده‌، كشتوكاڵ، پیشه‌سازی و ته‌ندروستی و به‌هێزكردنی رۆڵی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ هه‌موو شێوازه‌كانییه‌وه‌).

ئەوەشی خستەڕوو، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ گرنگی به‌ رۆڵی په‌رله‌مانی عێراق ده‌دات، بۆ‌ ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ک پڕۆژه‌یاسای گرنگ، كه‌ له‌ ئاست خواست و داواكاری گه‌لی عێراق و ئازادییه‌كانییان بن و ده‌سته‌به‌ری دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن.

له‌ كۆتاییشدا به‌ڵێنی به‌ ته‌واوی خه‌ڵكی عێراق دا، كاری جددی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئازادییه‌كان به‌بێ جیاكاری بكه‌ن و داكۆكی له‌ مافی ئازادی راده‌ربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ و پارێزگاریكردن له‌ فره‌ڕه‌نگی، له‌ رێگه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی مافی ئینتیمای سیاسی و پێداگیریكردن له‌ مافی ئافره‌تان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و جیاكارییه‌ ده‌رهه‌ق به‌ كه‌مینه‌كان ده‌كرێت.