دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی تۆمەتبار دەکات بەوەی، نایەوێت حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت و دەشڵێت، سوودی لە مانەوەی حکومەتەکەی مستەفا کازمیدایە.
وائیل روکابی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی کە پێکهاتووە لە رەوتی سەدر، پارتی و هاوپەیمانیی سیادەی سوننەکان، هیچ دەستپێشخەرییەکی جدییان نییە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوی سیاسی و وتیشی، ئەو هاوپەیمانێتییە، نایەوێت حکومەت پێکبهێنرێت.
روکابی، هاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی تۆمەتبار دەکات بەوەی، سود لە مانەوەی دۆخی وڵات دەبینن بەو شێوەیەی ئێستا و هەژمونی خۆیان سەپاندووە بەسەر پەرلەماندا و حکومەت و بڕیارەکانیشی هەر لەبەرژەوەندیی ئەواندایە و تەنانەت پۆستە جێبەجێکارەکانیشیان خستوەتە خزمەتی خۆیانەوە.
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا، جەحتیشی کردەوە لەوەی، ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی پشتگیریی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکەن، روو لە زیاد بوونە و رۆژانی داهاتوش نەخشەی سیاسیی وڵات زیاتر روون دەبێتەوە لەپێناو تیپەڕاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتووە.