لەبارەی کۆبوونەوەکە راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە دراوە، شەوی رابردوو هێزەكانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە كۆشكی حكومەت كۆبوونەتەوە، لە میانی کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی پێشهاتەكانی بارودۆخی گشتی لە سەرتاسەری عێراق و كۆمەڵێك دۆسیەی سیاسی و ئابووری كراوە.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کردووە، پێداچونەوەی بەو ئەنجامە گرنگانەدا كردووە كە شاندی ئەمنی عێراق بۆ واشنتن بەدەستیهێناون بەمەبەستی كێشانی نەخشەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و ئەمریكا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش، سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و بڕیارە ستراتیژییەكانی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە نیگەرانی خۆیان دەربڕی كە هەندێك كەس و لایەن پەنایان بردووەتە بەر دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ بۆ هاووڵاتیان بە هەڵبەستنی هەواڵ و ڤیدیۆ سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ ناو عێراق دوای ئەوەی هاووڵاتیان دەستیان كرد بە هەستكردن بە ئاسایش و خزمەتگوزاری.
باس لەوەش کراوە، لە بابەتی یاساداناندا، بەشداربووانی كۆبونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەت پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە كاتی خۆیدا دووپاتكردەوە، هەروەها پێداچونەوەیان بە نوێترین هەمواری یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد بە مەبەستی پێشكەشكردنی بە ئەنجومەنی نوێنەران.
لە كۆبونەوەكەدا جەختكرایەوە لەسەر كاراكردنی ڕۆڵی چاودێری پەرلەمان و پێویستی پابەندبوونی هەموو وەزارەت و پارێزگاكان بە میكانیزمەكانی ئاڵوگۆڕكردن كە لە بودجەی دارایی پەسەندكراون، بەجۆرێك ئەو بودجەیە بەكارنەهێنن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بە شێوەیەكی پێشێلكردنی پرەنسیپی دەرفەتی یەكسان و ئاماژە بە خراپ بەكارهێنانی پۆستەكان بێت و پارەی گشتی.
بەشداربوانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوایان لە لیژنەی وەزاریی پەیوەندیدار بە ڕەشنوسی یاسای نەوت و گاز كرد، گفتوگۆكانی لەگەڵ تەكنیككارانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەرێمی كوردستانی عێراق تەواو بكەن و بۆ تەواوكردنی ڕەشنوسی پڕۆژەكە بەردەوام بن.