وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر(ئەربیل) روونکردنەوەیەکی لەبارەی شێوازی کارکردنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت بڵاوکردەوە و دەڵێت، “با کەس بە هەڵە لە کامێراکە تێ نەگات.”
ئەمڕۆ چوارشەممە، فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاگادارییەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت، “ئەگەر بەخێرایی دیاریکراوی شەقام یان کەمتر بڕۆیت هیچ سزایەک نییە.”
باسی لەوەشکردووە، تەنها لەحالەتی زێدەڕۆیی خێرایی سزا تۆماردەکرێت هاوشێوەی کامیرەکانی دیکە کە پێشتر هەبوون و تاکە جیاوازی ئەوەیە پێشتر شوفێران لە پاش تێپەڕبوونیان لەکامێراکان دەستیان دەکردەوە بە تیژڕۆیی بەڵام لەو سیستەمە ئەگەر لەپشت کامیرەکەش تیژڕۆیی بکرێت ئەوا سزات بۆ دەنوسرێت.
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت بەیانی ئەمڕۆ، هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە کامێرای پۆینت تو پۆینت لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر دەکەوێتە کار.
هاتوچۆی هەولێر راشیگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی هاتوچۆ و کۆنترۆڵکردنی تیژڕەوی، وەکو قۆناغی یەکەم، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ یان Point to Point کە تێکڕای خێرایی لە نێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات، لە شەقامی 120 مەتری، لە نێوان شەقامی کەرکوک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە هەردوو ساید؛ لە هەفتەی داهاتوودا دەکەوێتە کار.
هاتوچۆ راشیگەیاندووە، ئاگاداری شوفێران دەکەنەوە کە بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای دارایی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی بپارێزن، نابێ لە شەقامی 120 مەتری لەمەولا تیژڕەوی بکەن.