نەوەی نوێ دوا بڕیاری دەربارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان راگەیاند
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نەوەی نوێ دوا بڕیاری دەربارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان راگەیاند

نەوەی نوێ دوا بڕیاری دەربارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان راگەیاند

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
نەوەی نوێ دوا بڕیاری دەربارەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان راگەیاند
0

لایک

وتەبێژی فەرمیی فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگه‌یاند، به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ناكه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی ئەو 17 خاڵەی تایبەتە بە هاووڵاتیان و پێشکەشیان کردووە، واژۆ نەکرێت لەلایەن کوتلەی سەدرییەکانەوە.

رێبوار ئەورەحمان، وتەبێژی فەرمیی فراکسیۆنی نەوەی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردووە، “وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ ناچینە ژوورەوە بۆ پەرلەمان هەتا ئەو 17 خاڵەی تایبەتە بە هاووڵاتیان و پێشکەشمان کردووە، واژۆ نەکرێت لەلایەن کوتلەی سەدرییەکانەوە”.

جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوێنێ هەینی لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، داوایان لە فراکسیۆنی سەدر کردووە بۆ ئەوەی بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی شه‌ممه‌ی پەرلەمان بکەن پێویستە ئەو 17 خاڵەی کە لە خوارەوە ئاماژەی پێکراوە واژۆ لەسەر جێبەجێکردنی بکرێت.

ئەو 17 خاڵەی کە نەوەی نوێ وەکو مەرج بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاریکردبوو:

1– حکومەت نرخی نەوت و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکان دابەزێنێت لە پێناو هاووڵاتییاندا لەسەرتاسەری وڵاتدا و لە هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی، بەهۆکاری ئەو دۆخە سەختەی هاووڵاتییانی هەرێم پێیدا تێپەردەبن.

2– بڕی سووتەمەنی بڕیاردراو “نەوت و بەنزین” رەوانەی هەرێم بکرێت لەگەڵ زیادکردنی پشکی هەرێم تیایدا.

3– ئاوەدان کردنەوەی ئەو ناوچانەوەی لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی پێشوەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان (کەلار وکفری).

4– کردنەوەی لقی بانکەکانی حکومەتی فیدڕاڵی لە هەرێم و پێدانی قەرز و پێشینەکان هاووڵاتییانی هەرێمیش بگرێتەوە.

5– هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە لەگەڵ مووچەی هێزەکانی عێراق و بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغدادەوە مووچە بدرێت بەهێزەکانی پێشمەرگە.

6– هەوڵبدرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بەگوێرەی میکانیزمێکی ئابووری کار لەسەر کراو و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی بکرێت بەرامبەر کاڵا و شمەکی هاوردەکراو.

7-لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی بکوژان و خوێنڕێژانی گەنجانی تشرین (رووداوەکانی سنک و گۆڕەپانی شۆرشی تشرین و گۆڕەپانی سەدر و گۆڕەپانی فڕۆکەخانە و سەرجەم گۆڕەپانەکانی دیکە) لەسەرو هەمووشیانەوە رووداوەکانی حزری زەیتون و ئەوانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی وەک “جەمیل شمری و حادل دەخیلی و عومەر نزار ” و ئەوانی دیکەش.

8– ئاشکرا کردنی سەرجەم ئەوکەسانەی رفێندراون و چارەنوسیان دیارنییە و بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسییەیە بکرێت بەشێوەیەکی زۆر باش لەنێویشیاندا دۆسییەکانی “سەجاد عێراقی و فەرەح بەدری و واعی جبوری و عەلی جاسب و جەلال شەحمانی”.

9– لێبوردنی گشتی و تایبەت بۆ سەرجەم خۆپیشاندەران دەربکرێت و بەبێ تاوان بناسێنرێن.

10– چارەسەری راستەقینە و دروست بۆ دۆسیەی ئاوارەکان بدۆزرێتەوە و کۆتایی بە ئازارەکانیان بهێنرێت و هەلی کاری گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت.

11– کار لەسەر پرۆژەی فاو بکرێت و کەمترین ماوەش بۆی دوو ساڵ بێت و بە جدی کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی کارکردن تیایدا بکرێت.

12– یاسای داواکاری گشتی چالاک بکرێت.

13– جێبەجێکردنی یاسای پارت و حیزبەکان و رێگەنەدان بە هیچ پارتێک هێزی چەکداری هەبێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات و مۆڵەتی کارکردنی سیاسی لێ بسەنرێتەوە.

14– یاسایەک دەربکرێت لەبارەی مافی بەدەستهێنانی زانیاری.

15– سەرجەم ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنرێنەوە کە ئازادی رادەربڕین و رەخنگرتن لە هێماکانی دەسەڵات و جگە لەوانیش سنووردار دەکات کە پەیوەستە بەو یاسایانەی لە ئەنجومەنی شۆڕشی هەڵوەشێنراوەوە سەرچاوەیان گرتووە و بگۆڕدرێن بە یاسایەک پشتیوانی لە ئازادی بکات.

16– بەرنامەیەکی روون دابنرێت و میکانیزمی سەرکەوتووی بۆ دانبرێت و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت بە ئامانجی رەخساندنی هەلی کار لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بۆ ئەو کەسانەی بێ کارن.

17– گەرەنتی کردنی دەستە سەربەخۆکان لە رێگەی دۆزینەوە میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکان و دوورخستنەوەی هەر دەستوەردانێکی حزبی و پشکپشکێنە لە پێکهێنانیدا و دەسەڵاتە چاودێرییەکانی فراوانتر بکرێن وەک دەستەی دەستپاکی.