ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، لە دۆخی سیاسی هەرێمدا بوونی ناکۆکی و لێکتێنەگەیشتن حاڵەتێکی سروشتییە و لەرێگەی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی راستەوخۆوە چارەسەر دەکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە بەمزوانە پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵادا بۆ چارەسەری کێشەکان کۆببنەوە.
نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لە دۆخی سیاسی هەرێمدا بوونی ناکۆکی لەنێوان لایەنەکان حاڵەتێکی سروشتییە و ئەگەریش کێشە و گیروگرفت هەبێت، بە دانیشتن و گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی بڕیاریداوە سەردان و کۆبوونەوە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدات، لەو چوارچێوەیەشدا بەمزوانە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کۆدەبنەوە.
ماوەی چەند مانگێکە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم ناڕازییە و بەوهۆیەش بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە، بەرپرسانی یەکێتی لە ئاستی باڵادا حکومەتی هەرێم بە جیاوازیکردن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم تۆمەتبار دەکەن، داواش دەکەن هەموو داهاتی هەرێم کۆبکرێتەوە و بەیەکسانی دابەشبکرێتەوە.