رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت لەسەر داواكارییەكی ئەنقەرە نوسینی ناوی توركیا بە پیتی ئەبجەدی دەبێت (Türkiye) لەجیاتی نوسینەكەی پێشوو (Turkey) لەنێو زمانە بیانییەكاندا.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ، لە سەرزاری ستیڤان دۆجاریک، وتەبێژی ئەمینداری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاویکردوەتەوە،”رێکخراوەکە نامەیەکی لە مەولود چاوشئۆغلو پێگەیشتوە کە تێیدا داوایکردوە رێنوسی لاتینی(Türkiye) لەبری رێنوسە ناسراوەکەی(Turkey) بۆ ناوهێنانی وڵاتەکەی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەکاربهێنێت”.
وتەبێژەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان روونیكردەوە، گۆڕینی ناوی وڵاتەكە بۆ دەستەواژەكەی دیكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە لەدوای وەرگرتنی نامەكەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە، مەولود چاوشئۆغلۆ لە تویتێکدا لە لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە رایگەیاند، نامەیەکی ئاراستەی ئەنتۆنیۆ گۆتیریچ کردوە، بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوی تورکیا لە زمانە بیانییە رەسمییەکانی رێکخراوەکە بە پیتی لاتینی و بە رێنوسی(Türkiye).