سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سوودانی کرد کە لەلایەن سەرۆککۆماری نوێی عێراقەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم پیرۆزبایی لە سوودانی کرد و رایگەیاند، “پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سوودانیی برا دەکەم” بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق و “هیوام وایە بە هاوکاریی هەموو هێزە سیاسییەکان لەو ئەرکەی سەرکەوتوو بێت بۆ خزمەتکردنى گەلى عێراق و خواستە رەواکانى”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێم دەڵێت، هیوادارن کە هەوڵەکانی هەموو لایەک یەکبخرێن بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئارامی کە شایستەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێت.