نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێم پێشوازی کرد لە شاندێکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە سەرۆکایەتی ناتالی لۆیزۆ، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئەورووپا.

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆسەی سیاسیی عێراقیان تاوتوێ کرد
0

لایک

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێم، بارزانی، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا کردووە.

لە دیدارێکدا شاندەکە مەبەستی سەردانەکەی بۆ ھەرێم خستووەتەڕوو رایگەیاندووە، ئەم سەردانەی بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دۆخی ناوچەکە ئەنجام داوە، ھەروەھا شاندەکە رۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە لە روبەڕووبوونەوەی داعش و تێڕوانینی واقعییانەی ھەرێم بۆ دۆخی ناوچەکە بەرز نرخاندووە.

ئاماژە بەوەیش دراوە کە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کردووە کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییی دژبە داعش، ھاریکاریی لە بواری مرۆیی و سەربازییدا پێشکەش بە ھەرێم و پێشمەرگە کردووە بەتایبەتیش لە شەڕی دژبە داعش.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “نێچیرڤان بارزانی ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقی لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بەرز نرخاندووە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانیش، بە پێویستی زانیوە کە ھاریکاری و پشتیوانیی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بواری سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و پەروەردەوە بەردەوام بێت”.

ئەوەیش خراوەتەڕوو، “سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەولێر-بەغدا، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، ھەروەھا پوختەیەکیشی لەبارەی دیدگای ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە خستووەتەڕوو کە دەخوازێت فاکتەری سەقامگیری و ئارامیی ناوچەکە بێت و کێشەکانی ناوچەکە بە رێگای لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن”.

باس لەوەش کراوە کە لە دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پرۆسەی سیاسیی عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی، ھەروەھا ھاوکاریی وڵاتانی ئەورووپا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ دەربازبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی ئێستای عێراق، لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا، پەرەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، پرسی مافەکانی مرۆڤ و ھاوسەنگیی جێندەری.