سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت، “هیچ بیانوویەک بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان نابینین”. هەروەها داوا لە بەغداد دەکات “سنوورێک” بۆ هێرشەکان دابنێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری لە وتارێکدا باسی لە هێرشەکانی سنووری کۆیە و زڕگوێزی کرد.
نێچیرڤان بارزانی لەمیانی وتارەکەیدا رایگەیاند، “هەرێمی کوردستان دەیەوێت جەخت لەوەبکاتەوە کە دەیەوێت فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکە و دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێکانیدا، لەو چوارچێوەیەشدا دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا پەیوەندییەکی باشی هەبێت. ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین”.
وەک سەرۆکی هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، “نابێت هەرێمی کوردستان ببێت بە سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لە ئەوەشدا ئێمە هیچ بیانوویەک بۆ ئەو مووشەکبارانانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ کوردستان نابینین”.
داواش دەکات، “سنوورێک بۆ هێرشەکان دابنرێت و بەغداد وەکو سەروەری خاکی عێراق لێی بڕوانێت کە ئەمە بەشێکە لە پێشێلکردنی گەورەی سەروەریی عێراق و بەغداد لەم بابەتەدا بێتە دەنگ و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنرێت”.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تشرینی دووەمم 2022، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆیە و زڕگوێز هێرشیان کرایەسەر و بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو و شەشی دیکەش برینداربوون.