نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت بەغداد هەرێم بە کەم وەربگرێت

نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت بەغداد هەرێم بە کەم وەربگرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:41
نێچیرڤان بارزانی: ناکرێت بەغداد هەرێم بە کەم وەربگرێت
0

لایک

سەرۆکی هەرێم، لەبارەی محەممەد شیاع سوودانی دوای هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق وتی، “شایستەی ئەوەیە کە پشتگیری بکرێت” و داواش دەکات، “دەرفەتی پێبدرێت بۆئەوەی هەندێک لەو کێشانەی لە عێراق هەن، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری دەربارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وتی، “هێندە رەشبین نیم کە بڵێم کێشەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر ناکرێن، بەڵام ئەوە گرنگە کە چۆن سەیری یەکدی دەکەین، دەبێت هەردوولا دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش، نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، ، من زۆر دژی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەم.”.”

سەبارەت بە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە کاتی خۆیدا، نێچیرڤان بارزانی وتی، زۆر هەوڵی داوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، “بەڵام بەداخەوە حیزبەکان لەسەر شتی زۆر بێ واتا” نەگەیشتنە ئەنجام؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش حەزیان نەدەکرد ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە و هیوای خواست بتوانن بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە “دەستوورمان هەبێت.”

هاوکات سەرۆکی هەرێم باسی لە هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کرد و وتی، “زۆر هاوکارن بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و، پرۆسەکەش بەرەو پێشەوە چووە، بەڵام هەمووی تەواو نەبووە و نابێت ئەو هەنگاوانە بە کەم ببینین.”

نێچیرڤان بارزانی داوای کرد، رێککەوتنی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و “ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە شنگالەوە نییە، دەبێت لەوێ دەربچن.”

لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراقەوە نێچیرڤان بارزانی وتی، ئەگەر “دۆخی ئەمنیی عێراق تێکبچێت، هەرێمی کوردستانیش تێکدەچێت” وتیشی، “هیوادارم عێراق و هەرێمی کوردستان توانیبێتمان وانە لە رابردوو وەربگرین.”

سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بەوەش کرد، “سەقامگیریی عێراق بەندە بە هەرێمی کوردستانەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بێت، ئەمە دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ بەغدا”. هەروەها مەرجی یەکەمی سەقامگیریی عێراقیش بە “چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان” دەزانێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، “ناکرێت بەغداد هەرێمی کوردستان بە کەم وەربگرێت، بۆ بەغدا وا باشترە کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، هەولێر داوای چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور دەکات.”

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2004ەوە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێندراوە، “هیچ دەقێکی نووسراو لەنێوانمان نەبووە، بەڵام ئێستا یەکەمجارە رێککەوتنێک هەیە و واژۆ کراوە.”