سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چەندین کۆبوونەوەی گرنگیان هەبووە. ئاماژە بەوەشدەکات، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر(ئەربیل) و بەغداد بووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پەرۆشە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمەوە باس لەوەدەکات، دوای گەڕانەوەیان لە میونشن دەست بە گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەن و بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشیان هەڵبژاردن دەبێت.
دەشڵێت، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن “شەرعییەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە”، بۆیە ئەو وەکو سەرۆکی هەرێم و بەپێی دەستوور دەبێت رۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات.
تایبەت بە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کێشە هەیە لەنێوانیان، بەڵام هەموو ئەو کێشانە لەو ئاستەدا نییە کە نیگەرانییەکی گەورەی هەبێت و دەڵێت، “من نامەوێ ئەوە بە کەم ببینم و کە هەموو شتەکان رێک و پێکن، وانییە، چونکە کێشە هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا گەیشتووینەتە ئاستێک کە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە هەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، من پێموایە نا”.