نێچیرڤان بارزانی تایبەت بە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیی: شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نێچیرڤان بارزانی تایبەت بە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیی: شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان

نێچیرڤان بارزانی تایبەت بە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیی: شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
نێچیرڤان بارزانی تایبەت بە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتیی: شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان
0

لایک

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق تایبەت بە ریکنەکەوتنی نێوان هەردوو حیزبی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، هەرێم و هەموو هێزەکان و بەتایبەت پارتی و یەکێتی بە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی سەردەکەون “شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان، لە تەباییدا هەموومان براوەین و لە لێکترازاندا شکستخواردووین”.

لەمیانی رێوڕەسمی هێنانەوەی تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزی کۆماندۆ، وتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لەلایەن دڵشاد شەهاب راوێژکاری سەرۆکی هەرێمەوە خوێندرایەوە و رایگەیاند، “ئەم فەرماندە لێهاتووە لە ئەرکی فەرمی و پاراستنی خاک و نیشتماندا گیانی بەخشی، فەرماندەیەکی بوێر و چاونەترسی هێزەکانی کۆماندۆ بوو، هەمیشە خۆی لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدابووە، ئەو بە بڕوایەکی بەهێزەوە ئامادەی قوربانیدان بوو، پرسە و سەرەخۆشی قوڵمان ئاراستەی کەسوکاری دەکەین”.

لە وتارەکەی سەرۆکی هەرێمدا ئەوەش هاتووە، “لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆز و نا ئارامدا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم هەڕەشە و مەترسی جدیدایە، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە قبووڵکردنی یەکتر و یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەکردنی لایەنەکانە و تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی هەیە، مانەوە و پاراستنی دەستکەوتەکان تەنها بە یەکڕیزی دەکرێت، هێز و سەنگ و قورساییمان بە تەبایی و یەکڕیزیمان دەبێت، دابڕان و لێکترازان و ناکۆکی و یەکتر رەتکردنەوەمان شکستی هەموومان و شکستی هەرێمی کوردستانە”.

بارزانی پەیامێکی بۆ هێزە سیاسییەکان ناردووە و دەڵێت، “هەموو هێز و پێکهاتە و لایەنەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەیی سەردەکەون، شکستی هیچمان نابێتە سەرکەوتنی ئەوی دیکەمان، سەرکەوتن و شکستی هەموومان پێکەوەیە، لە یەکڕیزدا هەموومان براوەین و لە لێکترازان و رەتکردنەوەی یەکتردا هەموومان شکستخواردووین، داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، کێشە و ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن و یەکڕیزی و تەبایی بپارێزن، با کارکردن بۆ داهاتوویەکی باشتر و پاراستنی دەستکەوتەکان کۆمان بکاتەوە”.