نێچیرڤان بارزانی: بڕيارەکەی دادگەی فیدراڵیی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان به‌ ئامانج ده‌گرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نێچیرڤان بارزانی: بڕيارەکەی دادگەی فیدراڵیی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان به‌ ئامانج ده‌گرێت

نێچیرڤان بارزانی: بڕيارەکەی دادگەی فیدراڵیی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان به‌ ئامانج ده‌گرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
نێچیرڤان بارزانی: بڕيارەکەی دادگەی فیدراڵیی مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان به‌ ئامانج ده‌گرێت
0

لایک

سەرۆکی هەرێم پەیامێکی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عیراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، “بڕیارێکی تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە.”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم لە بەشێکی پەیامەکەیدا دەڵێت، “ئه‌و بڕياره‌ نه‌ك ته‌نيا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان كه‌ هاووڵاتيى عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.”

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

بڕيارى ئه‌مڕۆى دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق به‌ نادروستيى ناردنى شايسته‌ى دارايى و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان له‌لايه‌ن حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵانى 2021 و 2022، بڕيارێكى ته‌واو نادادپه‌روه‌ر و سته‌مكارانه‌يه‌. ئه‌و بڕياره‌ نه‌ك ته‌نيا مووچه‌خۆران و خه‌ڵكى كوردستان كه‌ هاووڵاتيى عێراقن، به‌ڵكو ته‌واوى پرۆسه‌ و سه‌قامگيريى سياسى و ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ش به‌ ئامانج ده‌گرێت كه‌ حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراقى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌.

عێراق به‌ پرۆسه‌يه‌كى درێژ و ئاڵۆزى سياسى و ناسه‌قا‌مگيريدا تێپه‌ڕى تاكو دواجار حكوومه‌تێك له‌ به‌غدا هاته‌ كايه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكى عێراق هيوا و ئومێديان له‌سه‌ر قۆناغێكى سه‌قامگير و باشترى داهاتوو هه‌ڵچنى. هه‌موو چاوه‌ڕوانييه‌ك له‌ دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ پاراستنى به‌رژه‌وه‌نديى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق و به‌ ڕه‌چاوكردنى دۆخى سياسى، نه‌بێته‌ هۆى شێواندنى ئه‌و ده‌رفه‌ت و كه‌شه‌ ئه‌رێنييه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كيشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا دروست بووه‌ و سه‌قامگيريى سياسيى عێراق نه‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌!

ئه‌م بڕياره‌ى‌ دادگه‌ى باڵاى فيدراڵيى عێراق له‌م كاته‌دا، جگه‌ له‌وه‌ى گومان و ده‌يان نيشانه‌ى پرسيارى گه‌وره‌ دروست ده‌كات، هه‌روه‌ها بابه‌تى په‌له‌كردن له‌ ده‌رچوواندنى ياسايه‌كى تازه‌ بۆ دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ى دادگه‌كه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك‌ به‌شێكى گرنگ و سه‌ره‌كيى ڕێككه‌وتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان‌ بۆ دامه‌زراندنى حكوومه‌تى نوێى فيدراڵيى عێراق.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2023/1/25