نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە هەموو یاسایێکی نێودەوڵەتی تاوانە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە هەموو یاسایێکی نێودەوڵەتی تاوانە

نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە هەموو یاسایێکی نێودەوڵەتی تاوانە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە هەموو یاسایێکی نێودەوڵەتی تاوانە
0

لایک

نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاند، ئەو هێرشە مووشەکییەى کە کرایە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی شاری هەولێر(ئەربیل)، دەستدرێژییە بۆ سەر ژیان و ئەمنییەتى هاووڵاتییانى هەرێم و سەروەرى عێراق و به‌هه‌موو یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تاوانه‌.

دەقی بەیاننامەکەی نووسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان:

ئەو هێرشە مووشەکییەى کە کرایە سەر هاووڵاتیانی سڤیلی شاری هەولێر، دەستدرێژییە بۆ سەر ژیان و ئەمنییەتى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان و سەروەرى عێراق، هەروەها پێچەوانەى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى ژمارە (598)ـى ساڵى (1978)ـە تایبەت بە وەستاندنى شەڕ و ئاگربەست لە نێوان کۆمارى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران.

لە هەمان کاتدا دەستدرێژییە بۆ سەر کاروبارى نێوخۆى وڵاتێکى خاوەن سەروەرى بەپێى بڕیارى کۆمەڵەى نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (36/103) لە رێکەوتى 9ـی کانونى یەکەمى ساڵى 1981.

پێویستە وڵاتان پابەندبوونى تەواویان هەبێت لە دەستوەرنەدان بە هەموو شێوازێک لە کاروبارى نێوخۆى وڵاتان، ئەمەش زامنى پاراستنی ئاسایش و سەلامەتى و جێبەجێکردنى پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکانە.

بە پشتبەستن بە پێوەرەکانى یاساى نێودەوڵەتى، ئەو هێرشە موشەکییە بۆ سەر شارى هەولێر و بە ئامانج گرتنى هاوڵاتیانى سڤیل، تاوانە و پێچەوانەى بنەما گشتییەکانە لە یاساى نێودەوڵەتى و سەرپێچییە لە ماددەکانى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ و پەیماننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافە مەدەنى و سیاسییەکان کە ئاماژە بە مافى ژیان و سەلامەتى جەستە و سەروماڵى هاوڵاتیان دەکات.

هەروەها ماددەى شەشەم لە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى کۆمکاری وڵاتانى عەرەبى، ئەم جۆرە کردەوانە پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت و قەرەبوى ئەو زەرەر و زیانانەش بکەنەوە کە بەر سەر و ماڵى هاوڵاتیانى سڤیل گەیشتووە.

پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە بۆ یەکلایى کردنەوەى کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان وڵاتان و چارەسەرکردنیان، پێویستە پەنا ببرێتە بەر رێگەى گفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە و نێوەندگیرى و گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگا یان پەنابردن بۆ ئاژانس و رێکخراوە هەرێمایەتییەکان، یان هەر هۆکارێکى دیکە کە بە گونجاو دەبیندرێت.

بە پشتبەستن بەم یاسایانە پێویستە لەسەر ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەى کارى دوژمنکارانە لەپێناو پاراستنى ئاسایش و سەلامەتى نێودەوڵەتى و نەهێشتنى هەڕەشەکردن لە ئاسایشى عێراق. ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە نابێت دەستوەردان لە کاروبارى نێوخۆى عێراقدا بکرێت و دەبێت سەربەخۆیى و سەروەرى سیاسى و یەکپارچەیى نیشتیمانى و ئاسایشى بپارێزرێت.

لەلایەکى دیکە پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشى یەکەم ماددەى یەکەم ئاماژە دەکات بە ئامانجەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى لە رێگەى ئاشتیانە، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجەش پێویستە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان رێوشوێنى هاوبەش بگرێتەبەر بۆ رێگرى کردن لە هۆکارەکانى هەڕەشەکردن بەپێى بنەماکانى دادوەرى و یاساى نێودەوڵەتى.

هەروەک ماددەى دووەمیش ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات کێشەکانیان بە رێگەى ئاشتیانە چارەسەر بکەن و بە شێوەیەک کە ئاشتى و ئاسایش و دادپەروەرى نێودەوڵەتى رووبەڕووى هەڕەشە نەبێتەوە.

لەبەر ئەو هۆکارانە پێویستە لەسەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سنورێک بۆ ئەو جۆرە دەستدرێژى و پێشێلکاریانە دابنێت بەرامبەر هاوڵاتیانی سڤیلى عێراقى.