وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رەزامەندی دا بە خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی 21 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی پاراستنی بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز3 لە شاری هەولێر.
هاوکات وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ژمارەیەك راپۆرت و پێشنیازیان جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە بەرزكردووەتەوە، خۆشبەختانە لە رێككەوتی 28/4/2022 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی خەرجكردنی ئەو گوژمەی دا، كە كاریگەری زۆری باشتركردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی هەولێر دەبێت.
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی راشیگەیاندوە، ئەو گوژمەیە بەشێوەی نەختینە و بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی پاراستنی بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز3 لە هەولێر خەرج دەكرێت.