وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ههرێم رایگهیاند، قوباد تاڵەبانی، وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی و جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ بەشداریکرد لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی، دهشڵێت، 39 پرۆژە کە کەرتی تایبەت پێشکەشیکردوون تەواوبوون و ئامادەن بۆ مۆڵەتی کۆتایی و کارکردن، 15 پڕۆژەش سایت پلانی تەواوبووە و ئامادەی کارکردن و ھەر ئەمڕۆش رەزامەندی لەسەر دوو پڕۆژەی ستراتیژ و گرنگی گەشتیاری لە (گۆیژەو چەمی قلیاسان) درا.
سهمیر ههورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی ههرێم له دوای كۆبوونهوهی قوباد تاڵەبانی و ئهنجومهنی شارهوانی سلێمانی له راگهیهندراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، “له كۆبوونهوهی ئهمڕۆ قوباد تاڵەبانی و ئهنجومهنی شارهوانی سلێمانی بەوردی گفتوگۆ لەبارەی پڕۆسەی خزمەتکردنی شاری سلێمانی و ئاسانکاری بۆ مامەڵەکانی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی رووتین لە دامەزراوەکانی حکومەت کرا”.
ئاماژهی بهوهشكرد، “لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە ئاشکراکرا کە 39 پرۆژە کە کەرتی تایبەت پێشکەشیکردوون تەواوبوون و ئامادەن بۆ مۆڵەتی کۆتایی و کارکردن، 15 پڕۆژەش سایت پلانی تەواوبووە و ئامادەی کارکردن و ھەر ئەمڕۆش دوو پڕۆژەی ستراتیژ و گرنگی گەشتیاری لە (گۆیژەو چەمی قلیاسان) رەزامەندی لەسەر دران و بەھەمان شێوە پێشکەشکران تا لەنزیک ترین کاتدا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە کە بەمەش لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە 50 پرۆژە لە سلێمانی دەچێتەبواری جێبەجێکردنەوە”.
وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران روونیشیکردەوە، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە کاریگەری زۆرباشی دەبێت لەسەر زیاتر بووژاندنەوەی ئابووری و رەخساندنی ژمارەیەکی زۆر ھەلی کار و بەگەڕخستنی زیاتری بازاڕو کاروکاسبی لە سلێمانی.
سهمیر ههورامی دهڵێت، “ئامانجی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە کە فەرمانگەکان خزمەت بکەن و خزمەتکار بن و رووتین کەمبکرێتەوە لە رایکردنی مامەڵەکاندا بە تایبەت لەماوەی رابردوو گلەیی و رەخنەی پێگەیشت لەبارەی چۆنێتی رایکردن و مامەڵەی فەرمانگەکان لەگەڵ خەڵک، بەتایبەت پەیوەست بە کاروبارەکانی کەرتی تایبەت کە خۆشبەختانە بنەمایەکی زۆرباش جێگیرکرا کە لەمەودوا کاری لەسەر دەکرێت و بەرەسمیش جێگری سەرۆکوەزیران بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی راسپارد باشتر کاروبارەکان رایبکەن و خزمەتی ھاووڵاتیان بکەن و ئەرکی سەرشانیان بەبەرپرسیارێتییەوە رابپەڕێنن”.


