ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە

شوبات 12, 2023 23:51
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە
0

لایک

شاندی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە و دید و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمییان سەبارەت بە رەشنووسی یاسای نەوت و غاز خستەڕوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 02ـی 2023، شاندی حکوومەتی هەرێم لە بەغدادد لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ کۆبووەوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندەکە، دید و تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازی حکوومەتی فیدراڵ خستەڕوو.

راشیگەیاند: ئاوات جەناب نووری ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بگاتە ڕێککەوتن بۆ داڕشتنی یاسایەک کە لە چوارچێوەی دەستوور و لە خزمەت هەموو پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە “هەر لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، وردەکاری تێڕوانینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەبارەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکەوە خستەڕوو.”

باسی لەوەش کرد، “د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، هەبوونی یاسای نەوت و گازی لە عێراق بە گرنگ وەسف کرد و ئاماژەی بە تێڕوانینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کۆی پرۆژە یاساکە کرد.”

هاوکات سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوون.

بە مەبەستی بەردەوامیدان بە دانووستانەکان و گفتوگۆ کردن لەسەر بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی، ئێوارەی دوێنێ شەممە 11ـی 02ـی 2023، شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د.جوتیار عادل، وتەبێژی حکوومەتی هەرێم، خالد هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغداد و ستافی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی و ئابووری سەردانی بەغدادیان کرد.