یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزووتنەوەی بابلیون كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان بۆ تاووتوێكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجام دا.
ئەمڕۆ سێ شەممە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و بزووتنەوەی بابلیون بەسەرۆكایەتی رەیان كلدانی كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دواپێشهاتە سیاسییەكان و رێگەچارەكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان بە بەشداری هەموو هێزە نیشتمانییەكان تاوتوێ كران.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان كردەوە كە قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستی بە پەلەكردن لە دەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عیراقییەكانی هەبێت و ژیانێكی شایستە دابین بكات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو هێزە كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كرد بەشداری گفتوگۆكان بكەن و ئامادەییشی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسۆنگەی باوەڕبوونی بەوەی كە دەبێت حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و یەكپارچەیی و سەروەری وڵات بپارێزێت و بەشداربێت لە پاراستنی پێگە و رۆڵی عیراق لە ناوچەكەدا.