رێکخراوی داون کە لەلایەن جەماڵ خاشقچی ـیەوە دامەزراوە، رایگەیاند، شەقامێکی واشنتن کە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی سعودیە ـی تێدایە، ناوەکەی بۆ جەمال خاشقچی گۆڕاوە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی ئەمریکی و هاورێیانی خاشقچی.
هاوکات رێکخراوەکە باسی لەوکردووە کە ئەمە پەیامێکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیە بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەر لە سەردانەکەی بۆ سعودیە کە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.
لەوبارەیەوە ئادەم شیف، سەرۆکی لێژنەی هەواڵگری لە کۆنگرێسی ئەمریکا باسی لەوەکردووە کە خۆشحاڵن بە یادکردنەوەی خاشقچی لە مەراسیمێکی لەو جۆرە و ژیاندنەوەی بیرەوەییەکانی ئەو رۆژنامەنووسە کوژراوە سعودییە.
شیف ئاماژەی بەوەشداوە کە پێویستە تاوانبارانی رووداوی کوشتنی جەمال خاشقچی و فەرماندەران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت کە لەنێویشیاندا شازادە محەمەد بن سەلمان هەیە.
چی روویدابوو؟
لە رۆژی 2ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2018، جەمال خاشقچی، رۆژنامەوانی دیاری سعودی سەردانی کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ دەکات و دواتر نایەتە دەرەوە. دواتر ریاز لەبارەی جەمال خاشقچییەوە رایگەیاند کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکدا کوژراوە.
راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە فرمانی کوشتنی خاشقچی لەلایەن خودی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەوە دراوە. خاشقچی بە رەخنەکانی لەبارەی خانەوادەی شاهانەی سعودیە ناسراوبوو.