مەولود چاوشئۆغلو بۆ سوید و فینلاند: ناکرێت نیگەرانییەکانی تورکیا لەبەرچاو نەگیرێت

مەولود چاوشئۆغلو بۆ سوید و فینلاند: ناکرێت نیگەرانییەکانی تورکیا لەبەرچاو نەگیرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
مەولود چاوشئۆغلو بۆ سوید و فینلاند: ناکرێت نیگەرانییەکانی تورکیا لەبەرچاو نەگیرێت
0

لایک

وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ رایگەیاند، “رێکخراوەکانی تیرۆریستی لەو وڵاتانەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا چاڵاکی ئەنجام دەدەن، داوایان لێدەکەین پاڵپشتیکردنی تیرۆر رابگرن”.

لەمیانی بەشداریکردنی لە مێزگردی رۆژنامەنووسانی ئاژانسی ئانادۆڵو، مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە دواهەمین پێشهاتە سیاسییەکان دا.

هاوکات چاوشئۆغلو لەبارەی ویستی ئەندامێتی سوید و فینلاند لە ناتۆ رایگەیاند، “رێکخراوەکانی تیرۆریستی لەو وڵاتانەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا چاڵاکی ئەنجام دەدەن، داوایان لێدەکەین پاڵپشتیکردنی تیرۆر رابگرن. ئەو دوو وڵاتە بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەوە داوای ئەندامبوون لە ناتۆ دەکەن، لەمە تێدەگەین. بەڵام ناکرێت نیگەرانییەکانی تورکیای هاوپەیمان لەبەرچاو نەگیرێت”.

چاوشئۆغلو وتیشی، “باس لەوە دەکەن کە بەهۆی دووربوونیان لە ناوچەکانی تیرۆر یاساکانیان بەو پێیە دارشتوە، ئەوکات دەبێت یاساکانیان رێکبخەنەوە. هەڵوێستی تورکیا نەگۆڕە و هەموو شتەکان بە نووسراو دەمانەوێت. هەروەها دەمانەوێت هاوسۆزییەکی تەواو لە ناتۆ هەبێت و ئاراستەکە بەرەو چارەسەرکردنی دۆخەکە بێت”.

شایەنی باسە وەزیری دەرەوەی تورکیا راسیگەیاند کە بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی کە پەكەكە لەو وڵاتانە رێكی خستوون، باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لەئەنقەرە بانگهێشتی بارەگای وەزارەت كراون.

لەسەر پرسی سووریا و ئۆپەراسیۆنەکان لە باکووری سووریا، چاوشئۆغلو وتی، “ئەرکی ئێمەیە لە ناوەوە و دەرەوە لە سووریا و لە هەر شوێنێکی دیکە، هەڕەشەی تیرۆر نەهێڵین”.

مەولود چاوشئۆغلو لەبارەی دواهەمین گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان و دۆخی دوورگەکانی دەریای ئیجە رایگەیاند، “وا دەزانن ئەگەر هەموو رۆژێک 5-10 جار هێرش نەکەنە سەر تورکیا، ئەوا ناگەن بە مافەکانی خۆیان. یۆنان دۆخی ئێستای دوورگەکانی تێکداوە، بۆیە پێویستە یۆنان ئەو دوورگانە لە چەک داماڵێت. بەپێچەوانەوە مشتومڕی سەروەری دەست پێ دەکات”.

هەروەها یەکێک لەو بابەتانەی مێزگردەکە پرسی شەڕی رووسیا – ئۆکراینا بوو و لەوبارەیەوە چاوشئۆغلو وتی، “لە کەشی گەڕانەوە بۆ دانوستان، پرسی دووبارە کۆکردنەوەی لایەنەکانمان هەیە، تەنانەت لەسەر ئاستی سەرکردەکانیش”.