ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و مستەر هیكس، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر(ئەربیل).
لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڵاوی سەرۆک بایدنی بە مەسعود بارزانی گەیاند و جەختی کردەوە كە سەرۆل بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێم دەكات و هەرێمیش یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی و جەختیشی لەوەكردەوە كە سەروەری و سەقامگیریی هەرێم و عێراق، بناغەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوەكردەوە كە وڵاتەكەی پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە، وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، داوای كرد كە بارزانی بە حیكمەت و كاریگەریی خۆی پتر بە رۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی بنبەستی سیاسیی عێراق هەڵبستێت.
هەر لەو دیدارەدا بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سڵاو و رێزی بۆ سەرۆک بایدن هەبوو. هەروەها كورتەیەكیشی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی بنەبەستی سیاسیی عێراقی خستەڕوو. بارزانی جەختیشی لەوەكردەوە كە سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغداد بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و رێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە.
راشیگەیاند، كە پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر رێككەوتن و پێكهاتنێک دەبێ لەسەر بنەمای دەستوور بە روونی و بە جددی كاری لەسەر بكرێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە لە عێراقدا دەبێ بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكترقبووڵكردن هەبێت و نابێ هیچ لایەنێک هەوڵی سڕینەوەی لایەنی تر بدات و دەبێ رێز لە دەستوور بگرێت. سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە “هیچ لاریەكمان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە بە مەرجێک زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەک پەراوێز نەخرێت و رێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت”.
