سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێین، هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە کوردستان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی”.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی 6ـی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا دەکات خەڵک ئیرادەیان بەهێز بێت و وتوویەتیشی، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەکات. داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئیرادەیان بەهێز بێت. ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دلنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین”.
بارزانی وتوویەتیشی، “وهزیرانی كاروباری پێشمهرگه و ناوخۆم ڕاسپاردووە ههموو رێكارێكی پێویست بگرنهبهر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامهزراوهكانی نهوت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێکاری زیاتر دەگرینەبەر”.
دهقی پهیامهكهی سهرۆكی حكومهت
وەک هاونیشتمانییانی سەرتاسەری کوردستان، زۆر نیگەرانم لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی گشتی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا. ئەو ترسنۆکانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەکانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانکارییە دەبەن، چونکە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە. لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەنەوە و کار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکەن، گرووپە لە یاسادەرچووەکان، گوندەکانمان مووشەکباران دەکەن و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.
من لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها دۆستەکانمان لە دەرەوەی وڵات قسەم کردووە. لە پەیوەندییەكەمدا لەگەڵ بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، جەختم لەسەر پێویستیی و گرنگیی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشایییەك كە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەبێت كە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بەكاری دەهێنن بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەموو عێراق. من بۆ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵم ڕوون کردەوە کە هێرشەکان، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی دروست دەکەن و داوام لێکردووە ڕێکاری جیدی و کرداری بگرێتەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گرووپانە.
ههروهها بەڕێزان وهزیرانی كاروباری پێشمهرگه و ناوخۆم ڕاسپاردووە ههموو رێكارێكی پێویست بگرنهبهر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامهزراوهكانی نهوت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەکەدا، رێککەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێکاری زیاتر دەگرینەبەر.
شەوی ڕابردووش لەگەڵ بەڕێز برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا قسەم کرد. هاوڕێ ئەمریکییەکانمان و هەموو وەبەرهێنەرێک، دەبێت پابەندی بنوێنن؛ ناتوانین مل بۆ ترس و تۆقاندن بدەین. له چهند ڕۆژی داهاتوودا، داوا له دۆست و هاوبهشه نێودهوڵهتییهكانمان دهكهم و ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتیش پێویستە لە پەیوەندی و ههوڵهكانیان لهگهڵ ههولێر و بهغدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە، ڕێگە له هێرشی تیرۆریستی زیاتر بگرین.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەکات. زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێین، هێرشکردنە سەر هەر شوێنێک لە کوردستان، هێرشکردنە بۆ سەر هەموو کوردستان و خەڵکی کوردستان بە گشتی.
داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم کە ئیرادەیان بەهێز بێت. ئەمە هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێکە لە هەوڵێکی تێکدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەکان و کارنامەی چاکسازیمان. بەڵام دلنیابن وەک هەمیشە خۆڕاگر دەبین .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
26ی حوزەیرانی 2022