ئەمڕۆ شەممە 04-06-2022 ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە مارینا سێرێنی، جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی ئیتالیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ماوریتزۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئیتالیا کرا.
جێگری وەزیری دەرەوە و هەماهەنگیی نێودەوڵەتی ئیتالیا، باسی لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم لەبواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێنان دەربڕی.
لە بەرامبەردا سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئیتالیای کرد بۆ هێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەروەها خواستی هەرێمی بۆ فراوانکردنی هەماهەنگیی و هاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتالیا لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.