مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم لە هەژماری فەرمی خۆیدا رایگەیاند: پێشوازی لەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکەم بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی سەرباز و ڕاوێژکارە ئەڵمانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
مەسرور بارزانی وتیشی ئەم بڕیارە پشتیوانییەکی گرنگی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕی دژ بە داعش، هەروەها جەختیشی کردەوە بڕیارەکە بۆ مەشقپێکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق گرنگە.
جێی باسە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەینی پەرلەمانی ئەڵمانیادا بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانیان بۆ 9 مانگی دیکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق درا.
بەپێی ئەم بڕیارەش تا 9 مانگی دیکە 500 سەرباز و ڕاوێژکاری ئەڵمانی لە ئەرکدا دەبن بۆ مەشقکردن بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.