مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشەکان بۆسەر کۆیە و زرگوێز دەکات کە ئەمڕۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و درۆن بۆردوومانکران.
مەسرور بارزانی لە وتارێکیدا لە مەراسیمی ئینستیتیوتی نوێگەری و داهێنان لە کوردستان رایگەیاند، بەداخەوە کۆیە و زرگوێز بۆردوومان کرانەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە وتارەکەیدا باسی لەوەکرد، ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ ئەم بۆنەیە ئامادە کردووە، تا لە کەشێكی ئارامدا بتوانن ئەم ئینستیتوتە رابگەیەنن، بەڵام “بەداخەوە بەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بیستمان کە کۆیە و زڕگوێز بۆردوومان کراونەتەوە و، هەندێک شەهید و برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان”.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لەلایەک ئیدانەی ئەم دەستدرێژییە و پێشێلکردنی خاکی هەرێم و عێراق دەکەین، لەهەمانکاتدا هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئارەزوو دەکەین شەهیدەکان جێگەیان بەهەشت بێت.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی تشرینی دووەمم 2022، بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆیە و زڕگوێز هێرشیان کرایەسەر و بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو و شەشی دیکەش برینداربوون.