مەسرور بارزانی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان پەسەندکرد
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسرور بارزانی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان پەسەندکرد

مەسرور بارزانی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان پەسەندکرد

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
مەسرور بارزانی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری سامانە سروشتییەکان پەسەندکرد
0

لایک

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی جێگیر نەبوونی باری تەندروستیی، وەزیری سامانە سروشتییەکان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی سەرۆکی حکومەت کردووە و داواکەی پەسەندکراوە.

لەراگەیەندراوێکدا نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەبارەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوەکردووە کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم داواکارییەکەی پەسەند کردووە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ماوەی ڕابردوودا باری تەندروستیی بەڕێز دکتۆر کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکان جێگیر نەبووە، بۆیە چەندین جار بە مەبەستی چارەسەری مۆلەتی وەرگرتووە. ئێستاش دووبارە بەڕێزیان بە مەبەستی چارەسەری، بە نیازە سەردانی دەرەوە بکات و پرۆسەی چارەسەریشی کاتی زیاتری پێویستە. لە بەر ئەو هۆیە بەڕێزیان بە ویستی خۆی، دەست لە کار کێشانەوەی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکومەت کرد”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی بەڕێز دکتۆر کەمال ئەتروشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاروباری وەزارەت نەبێت، بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەست لە کارکێشانەوەکەی پەسند کرد و بڕیاری داوە کە بەرێزیان وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە، بە پێی توانا و دۆخی تەندروستیی، لە خزمەت بەردەوام بێت. لە هەمان کاتدا بەڕێز کەمال محمد سالح وەزیری کارەبا راسپێردرا، بە وەکالەت کاروباری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێوە ببات”.