مەراسیمی بەرز راگرتنی ٧ی تشرینی یەکەم جەژنی نەتەوەیی تورکمان لە ناوەندی بەرەی تورکمانی عێراق لە شاری هەولێر(ئەربیل) بەڕێوەچوو و ژمارەیەک بەپرسی حکومی و حیزبی و چاڵاکوانی مەدەنی بەشدارییان لە مەراسیمەکە کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەم ٢٠٢٠، مەراسیمێک رێکخرا بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی تورکمان لە ناوەندی بەرەی تورکمانی عێراق لە هەولێر(ئەربیل) و هەریەکە لە ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، فەوزی نەججار، جێگری بەرپرسی ناوەندی بەرەی تورکمانی عێراق لە هەولێر(ئەربیل) و ژمارەیەک لە چاڵاکوان و هاووڵاتی بەشدارییان لە بۆنەکە کرد.

هاوکات بۆنەکە بە وەستانی خولەکێک رێز بۆ گیانی شەهیدان دەستی پێکرد و لە سەرەتادا فەوزی نەججار، جێگری ناوەندی بەرەی تورکمانی عێراق وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، “پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەم. ئەمڕۆ وەکو جەژن وایە بۆ ئێمە. ٧ی تشرینی یەکەم رۆژێکی نەتەوەییە”.
نەججاڕ بە کورتی ئاماژەی بە مێژووی ٧ی تشرینی یەکەم دا وتی، “جەژنەکەمان لە کۆنگرەی ساڵی ١٩٩٧ بە بڕیاری کۆنگرە قبوڵکرا، داواکارین ئەم رۆژە لەلایەن حکومەتەوە بەفەرمی بناسرێت”.
دواتر ئایدن مەعروف وتارێکی پێشکەش کرد و وتی، “پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەم. دوای ٢٣ ساڵ ئەم رۆژە نەک تەنها جەژنی هەولێرە، بەڵکو هی سەرجەم تورکمانەکانی عێراق. لەهەمان کاتدا ئەمە بڕیاریکی نەتەوەییە نەوەک سیاسی”.
لەلایەکی دیکەشەوە وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانییە رەخنەی لەوانە گرت کە ئەمڕۆ ئەم یادە بەرز راناگرن و وتی، “کاتی خۆی ئەوانەی کە لە ئەندامی کۆنگرەی ساڵی ١٩٩٧ بوون و دەنگیان بە جەژنی نەتەوەیی تورکمان داوە، رۆلیان لەم رۆژەدا هەیە. ئەمە تەنها جەژنی بەرەی تورکمانی عێراق نییە بەڵکو هی هەموو تورکمانەکانی عێراق. بەداخەوە ئەم رۆژە وەکو پێویست لەلایەن کەسانێکەوە بەر رانەگیراوە”.

دوا بە دوای مەراسیمەکە، ئایدن مەعروف لێدوانێکی تایبەت دا بە ئاژانسی تەبا و لەبارەی بەفەرمی کردنی رۆژەکە بە وتی، “ئەمڕۆ لە سەرانسەری تورکمان ئێلی ئەم یادە بەرز رادەگیرێت. هیوامان وایە، پەرلەمانتارانی تورکمان هەوڵ بدەن ئەم رۆژە بە فەرمی بکەن و هەنگاوێک لەو ئاراستەیە بگرنەبەر”.
لەلایەکی دیکەوە ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی ئەوەشی راگەیاند کە ئەوانەی ئەندامی کۆنگرە بوونە دەبێت لەپێش هەموو کەسێکەوە ئەوان یادەکە بەرز راگرن و وتیشی، “بڕیارەکەی کۆنگرە زۆر گرنگ بوو”.

هیمان رەمزی، چاڵاکوانی مەدەنی تورکمان و سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەناوی تولای یەکێک بوو لە بەشداربووان و بانگەوازێکی کرد و وتی، “پیرۆزبایی جەژنی نەتەوەییمان دەکەم. پێویستە لایەنەکانی دیکەش بێنە جووڵە و ئەم رۆژە بەرز راگرن. دەبوو تەنها لە یەک شوێن بەرز رانەگیرابا بەڵکو لە شوێنی دیکەش هەبا”.
هیمان رەمزی رەخنەکانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کولتور و هونەری تورکمانی کرد و وتی، “ئێمە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تورکمانمان هەیە. ئاشکرایە کەوا ئەوێ دامەزراوەیەکی فەرمییە. دەبوو لەوێ سیمینارێک یاخود هەر چاڵاکییەک ئەنجام درابا. لەهەمان کاتدا دەبوایە ئەم رۆژە لە سۆشیال میدیا زیاتر بانگەشەی بۆ بکرایە”.
تەبا