مەدداح و دەنگبێژی پێشەنگی شاری هەولێر(ئەربیل) حاجی فایق بازرگان
  • TEBA KURDİ
  • هەمەڕەنگ
  • مەدداح و دەنگبێژی پێشەنگی شاری هەولێر(ئەربیل) حاجی فایق بازرگان

مەدداح و دەنگبێژی پێشەنگی شاری هەولێر(ئەربیل) حاجی فایق بازرگان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
مەدداح و دەنگبێژی پێشەنگی شاری هەولێر(ئەربیل) حاجی فایق بازرگان
0

لایک

دەنگبێژی گەورە حاجی فایق محەمەد سوڵتان بازرگان لە ساڵی ١٩١٨ لە گەڕەکی تەکیە-ی قەڵای هەولێر(ئەربیل) لەدایکبووە. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە دەستیکردووە بە خوێندنەوەی شیعر و گۆرانی و حەزی لە گوێگرتن لە میوزیک بووە.

 

 

بازرگان لە سەرەتادا لە حوجرە فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بووە و خەتمی کردووە. لە قۆناغی سەرەتاییدا چەندین مارشی نەتەوەیی هۆنیوە.

 

لە ساڵی ١٩٦١ چاوپێکەوتنێک لەگەڵ سەعید ساڵح تورکمان، بەڕێوەبەری رادیۆی بەغداد-بەشی تورکمانی ئەنجام دەدات بۆ گۆڤاری “قارداشلق” کە لەلایەن ئۆجاغی برایەتی تورکمانەوە لە بەغداد چاپکراوە.

 

لە چاوپێکەوتنەکەیدا بەو شێوەیە باسی خۆی دەکات:
“لە ساڵی ١٩٢٥ چوومە قوتابخانەی سەرەتایی، لە ساڵی ١٩٣٠ کاتێک بووم بە پۆلی پێنج دەستم لە خوێندن هەڵگرت و لەلای باوکم فێری پیشەی بەرگدووریی بووم، بەڵام نەمتوانی سەرکەوتووبم و لە ساڵی ١٩٤٤ دەستم لەو پیشەیە هەڵگرت و لەلای براکەم حاجی سادق بووم بە شوفێر. ١٢ ساڵ لەو بوارە کارم کرد و بەهۆی سەرنەکەوتنم لە پیشەکەدا دووبارە دەستم لەو پیشەیەش هەڵگرت و دەستم کرد بە پیشەی بازرگانی، سوپاس بۆ خودا سەرکەوتوو بووم و دواتر لە ساڵی ١٩٦٠ فەریزەی حەجم بەجێگەیاند”.

 

بازرگان لە بەردەوامی قسەکانی دەشڵێت:
“هۆکاری یەکەم بۆ فێربوونی گۆرانی و مەقامەکان، جوانی دەنگەکەم بوو، هۆکاری دووەم و سەرەکیترین هۆکار ئەوەبوو کە کاتێک لەلای باوکم کارم دەکرد، رادیۆ گەیشتە شاری هەولێر(ئەربیل). تا ئەو کاتە هەواداری دەنگی کۆچکردوو محەمەد رەفعەت بووم و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە لە مەولودەکانی شاری هەولێر(ئەربیل) دەستم کرد بە خوێندنی قورئانی پیرۆز و مەدحیەی(ستایشی) پێغەمبەری سەروەرمان”.

 

کاتێک فایق بازرگان سەرقاڵی بەشداریکردن بوو لە مەولودەکان، لەو سەردەمەدا ژمارەیەکی زۆر لە دەنگبێژ، مەدداح و مەقامبێژ هەبوون و کاریگەرییان لەسەر بازرگان هەبووە وەک؛ سەید مەردان، سەید ئەمین، مەلا نازم حەمامچی، حاجی جەمیل قەبقابچی، حەیدەر بەقاڵ، جەڵال چەخماخچی، شەهاب ئەربیللی و محەمەد عاشق.

 

جگە لە هەولێر(ئەربیل)، فایق بازرگان چەندین مەقام فێردەبێت لە تۆپاڵ مەلا محەمەد، مەلا عەبود بوستانچی، مەلا نەسرەدین باقاڵئۆغلو کە هەموویان خەڵکی کەرکوکن.

 

هێدی هێدی بازرگان بەشداری لە مەولود و بۆنە ئاینییەکانی شارەکانی دیکە دەکات و مەقامە جۆراوجۆرەکان دەهۆنێت. بارزگان زیاتر مەقامەکانی (راست، حیجاز، سێگا، نەهاوەند، سەبا و ناری) هۆنیوە.

 

کۆچکردوو بازرگان لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری یورد لەبارەی شێوازی کەرەم بەو شێوەیە دەدوێت:
“لە بنچینەدا کەرەم وشەیەکی ئازەرییە. بە واتای رشتن دێت، لەهەمان کاتدا بابەتی شادی لەخۆ دەگرێت. دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە کاتی خۆی کاروانی ئازەری بۆ مەبەستی بازرگانی سەردانی هەولێر(ئەربیل)یان کردووە و پێیدا تێپەڕیوون، کاروانچییەکان کەرەمیان خوێندووە و بەو شێوەیەش هەولێرییەکان فێری ئوسوڵەکە بوون و پێی دەڵێن کەرەم هەواسی”.

 

ساڵی ١٩٥٩ شاندێک بە یاوەری سەعید ساڵح تورکمان، بەڕێوەبەری رادیۆی بەغداد-بەشی تورکمانی سەردانی شاری هەولێر(ئەربیل) دەکات و دەنگی ژمارەیەک هونەرمەند تۆمار دەکەن کە بریتین لە؛ فایق بازرگان، محەمەد ئەحمەد ئەربیللی، جەلال چەخماخچی، یونس خەتات، نورەدین عەسافلی.

 

بەو شێوەیە یەکەم گۆرانی فایق بازرگان “بیر داش ئاتتم پێنجەرەیە تیک دێدی” دەبێت کە ئاواز و تێکستەکەشی هەر هی خۆیەتی.

 

بازرگان دوای وەرگیرانی لە رادیۆ وەکو گۆرانیبێژێکی فەرمی هەڵدەستێت بە تۆمارکرنی پارچە مەقامێکی بەیات و دواتر بەستەی “گەزمە جەیلان سەنی ئاولاڕلاڕ”. لە ئەنجامدا ٢٦ پارچە گۆرانی لە ماڵی رادیۆ تۆمار دەکرێت بەڵام جگە لە پڕۆگرامەکەی یڵماز ئەرۆڵ، هیچ تۆمارێکی تەلەفزیۆنی نییە.

 

بازرگانی کۆچکردوو لە ساڵی ١٩٦٠ دوای بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەجارێک واز لە گۆرانی وتن دەهێنێت و هەموو کاتەکانی خۆی بۆ عیبادەت و مەدحییەی ئاینی تەرخان دەکات و شیعری ئیلاهی دەخوێنێت.

 

لە کۆتا ساتەکانی ژیانی، بازرگان بەهۆی نەخۆشی لە ماڵەوە پشوو دەدات و دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ دەچێتە بەر دلۆڤانی خودا و هەر لە هەولێر(ئەربیل) بەخاک دەسپێردرێت.

 

 

نووسینی: نەبیل کوزەچی

ئامادەکردنی زیا عوزێری