سەرچاوەیەکی سیاسی رایگەیاند، رێبەری رەوتی سەدر پێشنیارێکی دیکە لەپێناو چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی عێراق خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە کە لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا رەوتی سەدر و دەوڵەتی یاسا بەشداری نەکات.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی سیاسی کە بە شەفەق نیوز ـی راگەیاندووە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە و رایگەیاندووە کە لە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی عێراقدا سەدرییەکان و دەوڵەتی یاسا بەشدار نەبێت.
هاوکات سەرچاوەکە باسی لەوەشکردووە، “ئەو حکومەتەی کە پێکدەهێندرێت ئەرکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە پێیدەسپێردرێت بۆ مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانیش بە کۆدەنگی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دیاری دەکرێت”.
سەرچاوەکە باسی لەوەکردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان بۆ پێشنیارەکەی سەدر نەبووە. 10 رۆژە خۆپیشاندانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغداد و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق بەردەوامە و تا ئێستا سەرەڕای پێشکەشکردنی سێ دەستپێشخەری، هیچ هەنگاوێک لەبارەی دەستپێشخەرییەکانەوە نەنراوە.