رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م تویتێكی له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ر كرد و رایگه‌یاند كه یه‌كێک له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م مۆندیاله گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه له‌نێوان قه‌ته‌ڕ و سعوودییه.
موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له تویته‌كه‌دا ده‌ڵێت: به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م مۆندیالی عه‌ره‌بی به‌رهه‌مه‌كه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان قه‌ته‌ڕ و سعوودییه بوو.
راشیگه‌یاند: ره‌نگه ئه‌م جامی جیهانییه ببێته هۆی یه‌كڕیزی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی به‌گشتی و هه‌روه‌ها بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاشتی به‌تایبه‌تیش له یه‌مه‌ن و سووریا و لبنان و وڵاتانی تری عه‌ره‌بیدا.
موقته‌دا سه‌در وتیشی: مۆندیالی 2022 ده‌بێته به‌ڵگه‌یه‌كی روون بۆ وڵاتانی جیهان كه عه‌ره‌ب و موسڵمانانیش توانای به‌ڕێوه‌بردنی پاڵه‌وانیه‌تی گه‌وره‌یان هه‌یه و هه‌روه‌ها توانای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاشتی و یه‌كڕیزییان له‌سه‌ر ئاستی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و جیهانیشدا هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه ئه‌نجامدانی مۆندیالی 2022ی قه‌ته‌ڕ گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنه به‌رامبه‌ر به وڵاتانی رۆژئاوا.
جێی باسه سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئاهه‌نگی ده‌ستپێكردنی یارییه‌كانی مۆندیالی 2022 به‌شێوه‌یه‌كی نایاب له وڵاتی قه‌ته‌ڕ به‌ڕێوه‌چوو و دواتریش یه‌كه‌م یاری پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه له‌نێوان هه‌ردوو هه‌ڵبژارده‌ی قه‌ته‌ڕی مێواندار و ئیكوادۆڕ ده‌ستی پێ كرد.